گەڕاندنەوەی ٤٧ ژن و منداڵ لە کەمپەکانی داعشەوە بۆ فەرەنسا

لەژێر فشاری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، حکومەتی فەرەنسا ١٥ ژن و ٣٢ منداڵی هاوڵاتیانی فەرەنسی، کە لە کەمپەکانی تیرۆریستی داعش لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستبەسەر کرابوون، گەڕاندەوە بۆ فەرەنسا.

ناوەندی هەواڵ

 

٢٤ی کانوونی دووەم، لەژێر فشاری ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان، حکومەتی فەرەنسا ١٤ ژن و ٣٢ منداڵی وڵاتەکەی لە کامپی "روژ"، کە شوێنی دەستبەسەرکردنی تیرۆریستانی داعشە لە شاری دیرکی ڕۆژئاوای کوردستان، گەڕاندەوە بۆ فەرەنسا.

 

وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی گەڕاونەتەوە و ڕادەستی دامەزراوەکانی چاودێری منداڵان کراون و چاودێری پزیشکی و کۆمەڵایەتی وەردەگرن، بەڵام گەورە ساڵان ڕادەستی دەسەڵاتی دادوەری کراون"، وەزارەتەکە سوپاسی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستانی کرد بۆ هاوکاریکردنیان لە پرۆسەی گواستنەوەی ئەو ژن و منداڵانە.

 

ئەمە سێیەم ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی گەڕانەوەی ئەندامانی داعش و بنەماڵەکانیانە کە تا ئێستا حکومەتی فەرەنسا ئەنجامی داوە، لە ٥ی تەمووزی ٢٠٢٢دا ١٦ ژن و ٣٥ منداڵی گەڕاندەوە بۆ فەرەنسا، لە مانگی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵیشدا ١٥ ژن و ٤٠ منداڵی گەڕاندەوە، کە لە بنەماڵەیەکی تیرۆریستی داعش بوون و بە ڕەزامەنی خۆیان چووبوونە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش لە عێراق و سوریا، بەڵام دوای شکستی ئەم گروپە تیرۆریستییە لە ساڵی ٢٠١٩ لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە دەستگیرکراون، ژمارەیەکی زۆر لەو منداڵانە لە سوریا لەدایک بوون.

 

ئۆپەراسیۆنی گەڕاندنەوەی ئەو هاوڵاتییە فەرەنسییانە چەند ڕۆژێک دوای ئیدانەکردنی ڕەتکردنەوەی فەرەنسا بۆ گەڕانەوەی هاوڵاتیانی دەستبەسەرکراو لە کەمپەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دێت، لەلایەن لیژنەی دژ بە ئەشکەنجەی نەتەوە یەکگرتووەکان.

 

بنەماڵەی ئەو ژن و منداڵانەی لە ساڵی ٢٠١٩ دەستبەسەرکراون، سکاڵایان لە لیژنەی قەدەغەکردنی ئەشکەنجە و مامەڵەی تری دڕندە و نامرۆڤانە و ڕیسواکەرانەی نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمارکردووە و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە فەرەنسا بە نەگەڕاندنەوەی ئەو کەسانە مادەکانی ٢ و ١٦ی پەیماننامەی دژە ئەشکەنجەی پێشێلکردووە .

 

لیژنەی مافی منداڵان و دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠٢٢دا فەرەنسایان ئیدانە کرد بەهۆی ئەوەی هەنگاوی بۆ گەڕاندنەوەی ژنان و منداڵان نەگرتەبەر.

 

دوای شکستی داعش لە سوریا و عێراق لەسەر دەستی شەڕڤانانی کورد، هەزاران چەتەی داعش و ئەندامانی بە دیل گیران و لە کامپەکاندا نیشتەجێ بوون، وەک هۆل و ڕۆژ.