لە شاری کەرکوک دۆخی توندوتیژی لە ئاستێکی بەرزتر دایە

ئەقڵییەتی کۆنەپەرستی و پیاوسالاری لە شارە جیاوازەکانی عێراق و هەرێم بووەتە هۆی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی هۆشیاری دەربارەی پرسەکانی ژنان، توندوتیژییەکانیش تا دێن لە ناویاندا زیاد دەکەن و ئەمە لە کەرکوکدا زیاتر ڕەنگی داوەتەوە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ژنان لە جیهاندا ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، لەگەڵ بەرەوپێشچوونی جیهان و کۆمەڵگە دەبوو توندوتیژی کەم ببێتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە تا دێت توندوتیژییەکان لە هەڵکشاندایە، لە کۆمەڵگەیەکیشدا کە چەقبەستوو بێت و لەسەر ئەقڵییەتی پیاوسالاری بەڕێوەبچێت، دۆخەکە ئاڵۆزترە.

 

شاری کەرکوک لە باشووری کوردستان، یەکێکە لەو شارانەی چالاکییەکانی ڕێکخراوەکانی ژنان شوێنی خۆی ناگرێت تیایدا، بەهۆی بوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و کۆنەپەرستییەوە، بوونی چەندین ئاین و نەتەوەی جیاواز پرسی ژنی ون کردووە، نەبوونی لانەی ئارامیش بۆ ژنان حاڵەتەکانی توندوتیژی زیاد کردووە.

 

"کاری ڕێکخراوەکان کەموکورتی تێدا هەیە"

سارا ستار، چالاکوانی مەدەنی لە شاری کەرکوک دەربارەی کاری ڕێکخراوەکانی ژنان لە شاری کەرکوک و چالاکییەکانیان ئاماژەی بەوەکرد، ڕێکخراوەکانی ژنان لە شاری کەرکوک کاریان کردووە و هەوڵی جدیان داوە بۆ ئەوەی ژنان هۆشیار بکەنەوە بەرامبەر ماف و ئەرکەکانیان، بەڵام کاری بەشێک لە ڕێکخراوەکان کەموکورتی تێدایە".

 

"کاری ڕێکخراوەکان لە یەک چوارچێوەدا کۆبووەتەوە"

وەک سارا ستار ئاماژەی پێکرد، کاری ڕێکخراوەکان لە چەند چالاکییەکدا کۆبووەتەوە، بەڵام ئەوەی پێویستە بۆ ڕەوشی کۆمەڵگە لە ئێستادا بڵاوکردنەوەی هۆشیارییە بە شێوەیەکی سەرەکی، هەروەها پێویستە ژنان بزانن چۆن ڕووبەڕووی توندوتیژی ببنەوە و چۆن پەرە بە تواناکانیان بدەن و باوەڕ بەخۆبوونیان لادروستببێت، چیتر چالاکییەکانی وەک خولی خەیاتی و کردنەوەی پێشەنگا و چەندینی دیکە هێندە درێژە نەکێشێت.

 

لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە ژینگە و کولتووری شاری کەرکوک کرد و وتی "ژینگەی کەرکوک ژینگەیەکی کۆنەپەرستی و دواکەتووە، ئەمەش وایکردووە ژنان لە ناو ماڵەکانیان قەتیس بکرێن، چونکە پێیان وایە هەر ژنێک بچێتە ناو ڕێکخراوەکان لە ڕێگای ڕاست لایان دەبات".

 

"نەبوونی شەڵتەری ژنان لە شاری کەرکوک توندوتیژی زیاد کردووە"

ئەو چالاکوانە باسی لەوەکرد چەندین هۆکار هەن بۆ هەبوونی توندوتیژی وەک، نەبوونی و خراپی دۆخی ئابووری، خراپ بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا و هەبوونی میدیای سێبەر کە هەمیشە هەوڵ دەدات لە ڕێی چەندین دراماوە شیرازەی خێزان تێکبدات و توندوتیژی زیادبکات، نەبوونی بەرنامەی هۆشیاری لە ناوەندە فەرمییەکان و میدیادا، نەبوونی پاڵپشتییەکی ماددی بۆ ئەو ژنانەی توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت بۆ ئەوەی بتوانێت سەربەرزانە ڕووبە ڕووی توندوتیژی ببێتەوە و لە هاوسەرەکەی جیابێتەوە.

 

هەروەها وتیشی: جگە لەوانە، نەبوونی شەڵتەر لە کەرکوک بووەتە هۆکارێک بۆ زیادبوونی توندوتیژییەکان، چونکە تەنها پێنج شەڵتەر لە هەموو عێراق بوونیان هەیە سیانیان لە کوردستانە و دانەیەکیان لە بەغداد و ئەوی دیکە لە عەمبارە، ئەمەش ترسی لای ژنان دروست کردووە بەوەی پاڵپشتییەکیان نییە و توندوتیژییەکان قبوڵ دەکەن.

 

وەک باسی لێوەکرد، ڕێکخراوەکانی ژنان بەهۆی ئەوەی لە کۆمەڵگەیەکی وەک کۆمەڵگەی کەرکوکدا کار دەکەن، بۆیە کارکردنیان ئەستەمە، چالاکییەکان بە تەواوەتی شوێنی خۆی ناگرێت چونکە کەرکوک یەکێکە لەو ناوچانەی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و کولتووری چەقبەستوو بوونی هەیە، جگە لەوانە بوونی زۆرترین نەتەوە و ئاین و هەبوونی فکری جیاواز لە شاری کەرکوک پرسی ژنانی ون کردووە و کاری ڕێکخراوەکانی قورستر کردووە.

 

"لە شاری کەرکوک حوکمی عەشایەری لە سەروو یاساوەیە"

لە بەشێکی دیکەدا سارا ستار ئاماژەی بەوەکرد، لە کەرکوکدا یاسا بە تەواوەتی پەیڕەو ناکرێت، بەڵکو حکومی عەشایەری زاڵە، ئەمەش بووەتە ڕێگر لە بەردەم ژنان تا بە بێ ترس بچن سکاڵا تۆمار بکەن، وتی "بەهۆی ئەوەی یاساکان وەک پێویست جێبەجێ ناکرێن، بۆیە گرنگە چاکسازی بکرێت لە یاساکاندا، ئەندام پەرلەمانەکان دەربارەی ئەو یاسایانەی پەیوەندیان هەیە بە پرسەکانی ژنانەوە گرنگە دەنگ هەڵبڕن و داوای چاکسازی بکەن".

 

بە پێی یاسای ژمارە ٤١ لە یاسای سزادانی عێراقی ماف دراوە بە پیاوان کە لە ژنەکانیان بدەن بە ناوی پەروەردە کردنەوە، ئەمەش وایکردووە مافی لێدان بە پیاوان بدرێت، لەم بارەیەوە سارا ستار وتی: "خودی ئەم یاسایانەیە وادەکات توندوتیژییەکان زیاد بن".

 

"لەناو پەرلەمان پرسەکانی ژنان پشتگوێ خراون"

ئەوەشی ڕوونکردەوە ڕۆڵی ژنان لە ناو پەرلەماندا لاوازە بە جۆرێک لەسەر یاسا و پرسەکانی ژنان نایەنە دەنگ، ڕاستە حزب و لایەنی جیاواز بوونیان هەیە لە پەرلەمانی عێراقدا، بەڵام کێشەی ژنان لە هەر حزب و لایەنێک بن هەمان کێشەیە، سارا ستار وتیشی:  لەگەڵ ئەوەشدا دۆخی سیاسی کۆمەڵگە کار دەکاتە سەر پرسەکانی ژنان، بێدەنگی ئەندام پەرلەمانە ژنەکان کە پرسی ژنان بەرز نانرخێنن کێشەی دروستکردووە، چونکە ئەگەر یەکگرتووانە داوای چاکسازی بکەن بێگوومان دەگەنە ئەنجام.

 

"کرداریانە توندوتیژییەکانی ژنان چارەسەر دەکرێت"

لە کۆتایدا وەک ڕێگە چارەسەرییەک سارا ستار ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە ڕێکخراوەکانی ژنان لەسەر هۆشیارکردنەوە و بەرەوپێشچوونی هزری ژنان کار بکەن، ژنان بەشداریان پیبکرێت لە ناوەندەکانی بڕیارداندا، یەک دەنگ بن دەربارەی پرسەکانی ژنان، جگە لە پەرلەمانی عێراقدا پرسی ژن بەرەوپێش ببرێت، کار لەسەر یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بکرێت و کەموکورتییەکانی چارەسەر بکرێت، "هەروەها دەزگا میدیاییەکان گرنگی بدەن بە چالاکی ڕێکخراوەکانی ژنان، لە میدیاکانەوە کۆمەڵگە ئاڕاستەی توندوتیژی نەکرێت، جگە لەمانە قەدەغەی چەکی بێ مۆڵەت بکرێت، چونکە هۆکاری سەرەکین بۆ زیادبوونی حاڵەتەکانی کوشتن و توندوتیژی، لە هەمووی گرنگتر وانەی مافی مرۆڤ لە خوێندنگە و پەروەردە تەواو گرنگی پێبدرێت و بکرێتە وانەیەکی سەرەکی".