هێرشە داگیرکارییەکانی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان بەردەوامە
لە درێژەی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەندین ناوچەی بۆردومان کرد.

سلێمانی
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠ی تشرینی دووەم، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردوومانی چەند ناوچەیەکیان لە چیاکانی بناری قەندیل، ئاسۆس و برادۆست لە باشووری کوردستان کرد و بەپێی زانیارییەکان لە بەشێک لە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان دەنگی فڕۆکەی جەنگی بیستراوە کە بەسەر ئاسماندا سوڕاونەتەوە.
قەڵادزێ، ڕانیە، سۆران، ڕەواندوز و پێنجوێن و هەڵەبجە ئەو شوێنانەن کە فڕۆکەی جەنگی بەسەریاندا سوڕاونەتەوە و ترس و دەڵەڕاوکێی لای هاوڵاتیان دروستکردووە.
ھەروەھا درەنگانی شەوی ڕابردوو، کاتژمێر ١٢ی شەو، فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک چەند شوێنێکیان لە چیای قەرەچووخ، زرکان، کۆبانی، دێریک و چیاکانی قەندیل، ئاسۆس و برادۆست کردووەتە ئامانج.
دەوڵەتی تورک بەهۆی بۆردومان و تۆپبارانەکانیەوە هەمیشە زیانی گیانی و ماددی لە باشووری کوردستان دەدات و ژینگەی ناوچەکەی وێران کردووە، هەروەها لە ڕێگەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی خوازیاری ئەوەیە ژیان لەم خاکە قڕبکات.