پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دانیشتنەکانی بە چۆڵی بەڕێدەکات

لە دوای درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و هەڵوێست وەرگرتن و دەستلەکارکێشانەوەی ژمارەیەک پەرلەمانتار، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دانیشتنەکانی بە چۆڵی بەڕێدەکات.

سلێمانی

 

شایان عەسکەری پەرلەمانتاری دەستلەکارکێشاوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وێنەیەکی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی لە پەیجی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژە بە دانیشتنی نایاسایی پەرلەمانی ماوە درێژکراوە دەکات.

 

ئەو پەرلەمانتارە لەسەر وێنەکە نووسیویەتی: "بە ھۆی ئەو ھەڵوێستانەی نواندوومانە بەرامبەر درێژکردنەوەی نایاسایی تەمەنی پەرلەمان، لایەکی ھۆڵی دانیشتنی پەرلەمان چۆڵە، ئەو پەرلەمانەی باڵاترین دەسەڵاتی یاسادانانە و سەرۆکەکەی پسپۆری لە یاسادا ھەیە، سەرپێچی یاسایی دەکات و بە نایاسایی تەمەنی خۆی درێژ دەکاتەوە و مافی ھەڵبژاردن لە دەنگدەر زەوت دەکات".


ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەمڕۆ ١٥ی تشرینی دووەم، سەرۆکی پەرلەمان کێشەی تەواو بوونی ڕێژەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمانی هەبووە.

 

ئەوە لە کاتێکدایە کە لە ڕۆژی ٦ی تشرینی دووەم تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە دوای چوار ساڵ کۆتایی هات، بەڵام بە نایاسایی ماوەی خولەکە بۆ ساڵێک درێژکرایەوە.