درێژەی ڕاپەڕین لە شارەکانی ئێران
ڕاپەڕینی سەرتاسەری کە بە مردنی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد شەوی ڕابردوو بە بەشداری ڕێژەیەکی بەرفراوانی خۆپیشاندەران بەردەوام بوو.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2022/10/20221018-20221018-20200113-ykshnbh-22-dy-jpg45c750-image-2-jpg449af3-image-jpg90eedd-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
مانگرتن و ناڕەزایەتیی خوێندکاران، کرێکاران، مامۆستایان، قوتابیان و سەندیکاکانی دیکە بەردەوامە و ڕاپەڕین کۆماری ئیسلامیی گەیاندووەتە خاڵی کۆتایی.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە شەوی ڕابردوو لە زۆربەی شارەکانی کوردستان لەوان سنە، مەهاباد، پیرانشار، سەقز، بوکان، بانە، دیواندەرە، ئیلام، دێهگۆلان، کامیاران و ... بڵاوکراونەتەوە، خۆپیشاندەران ڕژاونەتە شەقامەکان و ڕاپەڕینیان لە ڕێگای داگیرساندنی ئاگر و داخستنی ڕێگاکانەوە بەردەوامی پێداوە.
سەرەڕای بەهێزی دۆخی ئەمنی و بڵاوەپێکردنی هێزەکانی سوپای پاسداران و یەکە تایبەتەکان، خۆپیشاندەران لە شار و شارۆچکە و شەقامەکان بەربەستیان دروستکردووە و بنکەی بەسیجی ئەبو دار و پەیکەرێکی بەسیجیان لە گۆڕەپانی ناوەندی شاری ئیلام ئاگر تێبەردا، لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان ڕووبەڕوو بوونەتەوە و دروشمەکانی دژی ڕژێمی دیکتاتۆری ئیسلامییان وتووەتەوە، ڕاشگەیاندووە کە شۆڕش بەردەوام دەبێت تا گەیشتن بە ئازادی.
هەروەها لە سیستان و بەلوچستان و شارەکانی دیکەی ئێران، لەوانە تاران، مەشهەد، بەندەر عەباس، کرمان، ئەسفەهان، شیراز، ئەهواز، خوزستان، ڕەشت، لاهیجان، مازەندەران و ...، خۆپیشاندەران ڕێگاکانیان داخستووە و دروشم دژی کۆماری ئیسلامی دەڵێنەوە و لەسەر بیناکانەوە وێنەی ژینایان بەرزکردووەتەوە.
باس لەوەش کراوە کە هێزە سەرکوتکەرەکان بە تەقەکردن و فڕێدانی گازی فرمێسکڕێژ لە هەوڵی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەراندا بوون. ئینتەرنێت دەبڕدرێت و ناردنی وێنەی ناڕەزایەتییەکان ڕێگری بۆ دروستدەکرێت، هەروەها زانیارییەکی دروست لەسەر ژمارەی گیانلەدەستدان و بریندار و دەستگیرکردن لە بەردەستدا نییە.