١٦ زیندانی ژن لە ئێڤین ناڕەزایەتییان دژی زیادبوونی ژمارەیان لە زینداندا دەربڕی
لە پەیامێکدا ١٦ زیندانی سیاسی ژن لە زیندانی ئێڤینەوە، دۆخی سەختی خۆیان خستەڕوو کە زیندانیانی ژن پیایدا تێدەپەڕن و دۆخی خراپی تەندروستی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئاماژە پێدا.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2022/08/20220822-20220822-22-08-2022-girtiyen-jin-jpg021494-image-jpg5ac972-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
١٦ زیندانی سیاسی ژن لە زیندانی ئێڤین لە نامەیەکدا ناڕەزایی خۆیان لە زیادبوونی لەناکاوی ژمارەی زیندانیانی ژن و زیادبوونی ژمارەی نەخۆشەکان و کەمی کارمەندانی تەندروستی دەربڕی.
"ڕۆژانە ژمارەی زیندانیانی ژن لە زیادبووندایە"
ئەو ژنە زیندانییانە لە نامەکەیاندا ڕایانگەیاندووە: "دوو نەخۆشی ژن بە ناوەکانی ئەسەل محەمەدی و سەمین ئێحسانی شەوانە لە ژوورێکدا ڕاگیراون کە هیچ پێداویستییەکی پزیشکی تێدا نەبووە و وەک زیندان وابووە، هەمیشە دەرگاکەیان بەسەریاندا داخستووە، سەرەڕای نەخۆشییەکانیان پاسەوانەکانی زیندان تەنانەت یەک جاریش لە شەودا سەردانیان نەدەکردن، ئەمە یەکەمجار نییە بەشی ژنانی زیندانی ئێڤین و زیندانەکانی دیکە، بە تایبەت زیندانی کەرچەک لە وارەمین، شاهیدی بێباکیی ژیان و تەندروستی زیندانیانی ژن دەبن. بەڵام ئەوەی ئەم دۆخەی خراپتر کردووە، زیادبوونی ڕۆژانەی ژمارەی زیندانییە ژنەکانە".