ڕێکخراوی لانەی منداڵان چالاکییەکانی لە هەڵەبجە چڕ کردووەتەوە

ڕێکخراوی لانەی منداڵانی کوردستان سیمینارێکیان لەبارەی "توندوتیژی دژی ژنان و بڕیاری ١٣٢٥ی ئەنجومەنی ئاسایش" ڕێکخست و بەشداربووانیش دەڵێن پێویستە ببینە ناوەندێک بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری.

هەڵەبجە

 

ماوەی دوو مانگی ڕابردوو ڕێکخراوی لانەی منداڵانی کوردستان لە سلێمانی چالاکیەکانی هێناوەتە پارێزگای هەڵەبجە و تایبەتی کردووە بە گەنجان و ژنانی گەنج و شیکردنەوە و هۆشیاری لەسەر بڕیاری ١٣٢٥ی ئاشتی و ئاسایشی ژنان و یاساکانی توندوتیژی خێزانی.

 

ئێوارەی دوێنێ لە بینای ڕێکخراوی نوێ لە شاری هەڵەبجە، ڕێکخراوی لانەی منداڵانی کوردستان بە هاوکاری چەند ڕێکخراوێکی بیانی مەدەنیی، سیمینارێکیان لەبارەی "توندوتیژی دژی ژنان و بڕیاری ١٣٢٥ی ئەنجومەنی ئاسایش" بۆ چالاکوان ڕەنگین سەلام ڕێکخست، کە تایبەت بوو خوێندکارانی زانکۆ.

 

لە سیمینارەکەدا ڕەنگین سەلام باسی لە جۆرەکانی توندوتیژی و لێکەوتەکانی لەسەر ژنان و گرنگی جێبەجێکردنی ١٣٢٥ی ئەنجومەنی ئاسایشی کرد، لەیال شەوکەت، بەشداربووی سیمینارەکە، بۆ  نوژنها دوا و وتی: بۆ دووەمین جارە بەشداری لە سیمیناردا دەکەم کە سەبارەت بە توندوتیژی ژنانە، بەشداریکردن بە گرنگ دەزانم بۆئەوەی بزانین لە کاتی هەر حاڵەتێکدا چۆن هەڵسوکەوت بکەین، وەک خۆم سودم لێبینیوە، داوا دەکەم ژنان بەشداربن تا زیاتر هۆشیار ببن و لە بابەتەکان تێبگەن.

 

لەیال شەوکەت باسیشی لەوەکرد مەرج نیە کە زانیارییەکان وەردەگرین قەتیسی بکەین،  بەڵکو پێویستە بیگەیەنینە خێزان و هاوڕێ و کەسوکارمان.

 

بەناز بەها، سەرپەرشتیاری تەکنیکی پرۆژە لە پارێزگای هەڵەبجە لە ڕێکخراوی لانەی منداڵانی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە سیمیناری ئەمڕۆ لەلایەن ڕەنگین سەلامەوە بۆ خوێندکارانی زانکۆ پێشکەشکرا، ئامانجیانە لە چوارچێوەی ئەکادیمیای خۆیان بلاویبکەنەوە و ئاستی هۆشیاری خۆیان گەشە پێبدەن، ئەم سیمینارانە دەروازەیەکن بۆ شارەزابوون لە یاسا و ڕێنماییەکان تا بتوانن هەم خۆیان هۆشیار ببنەوە و هەم زیاتر بڵاویبکەنەوە.

 

بەهۆی زۆربوونی توندوتیژی خێزانی و دیاردەی کوشتن و ئازاردان، ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی بەردەوام لە هەوڵ و چالاکیدان بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و کەمکردنەوەی فشارە دەرونی و توندوتیژەکان.