پەرلەمانی ئەڵمانیا کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکانی بە جینۆساید ناساند
پەرلەمانی ئەڵمانیا بە فەرمیی کۆمەڵکوژیی ساڵی ٢٠١٤ـی سەر ئێزدییەکانی بە جینۆساید ناساند، کە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە دژ ئێزدییەکان ئەنجامدرابوو.
ناوەندی هەواڵ
دوێنێ پەرلەمانى ئەڵمانیا کۆبوونەوەى خۆی ئەنجامدا و تێیدا بە زۆرینەى دەنگ فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ـی سەر ئێزدییەکانی بە جینۆساید ناساند، کە لە کۆمەڵکوژییەکەدا بە هەزاران کەس ئاوارەبوون و کوژران و نزیکەی ٥ هەزار ژن ڕفێندران و لە بازاڕەکانی سوریادا کڕین و فرۆشتنیان پێوەکرا.
ماکس لاکس، پەرلەمانتاری پارتی سەوزی ئەڵمانیا لەسەر بڕیارەکە دەڵێت: ئەوە هەنگاوێکی گرنگە بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە سەختەی بەسەر ئێزدییەکاندا هاتووە و لە هەمانکاتیشدا دابینکردنی ژیانێکی ئارام بۆ ئێزدییەکان ئامانجی ئێمەیە.
مانگی ئایاری ٢٠٢١ گروپێک لێکۆڵەری سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایانگەیاند، کە بەڵگەی تەواویان لەبەردەستدایە، کە چەتەکانی داعش جینۆسایدیان بەرامبەر ئێزدییەکان ئەنجامداوە، مانگی ١١ـی ساڵی ڕابردووش دادگای ئەڵمانیا کۆمەڵکوژیى ئێزدییەکانى بە جینۆساید ناساند بوو.