"داخوازی ئازادیی ئایسەل توغلوك و سەرجەم زیندانیانی نەخۆش دەکەین"

گروپی هەڵمەتی ١٠٠٠ ژن بۆ ئایسەل توغلوک کاردانەوەیان بەرامبەر بەو بەرگرییە نیشان دا کە بە زۆر درا بە ئایسل توغلوک.

ناوەندی هەواڵ

 

هەڵمەتی ١٠٠٠ ژن بۆ ئایسل توغلوك بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە دژی ناچارکردنی بەزۆری ئایسەل توغلوک، زیندانی سیاسی کە بە پێی ڕاپۆرتی پزیشکی تووشی نەخۆشی بیرچوونەوە بووە، لە دانیشتنی دادگادا بە ئامێری ڤیدیۆیی و دەنگی بەرگری بکات کاردانەوەیان نیشاندا و ئاماژەیان بەوەدا کە "ئەوە تاوان دژی مرۆڤایەتییە".

 

لە یەکەم ڕۆژی دانیشتنی ١٤ی دۆسیەی کۆبانێ، کە تیایدا ١٠٨ کەس بە تۆمەتی چالاکی بەرامبەر هێرشەکانی چەتەکانی داعش لەسەر کۆبانێ لە ٦-٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ دادگایی دەکرێن، دادگا بڕیاریدا کە ئایسەل توغلوک، کە تووشی نەخۆشی بیرچوونەوە بووە، ئامادەی دادگاییەکە ببێت لە ڕێگەی ئامێری SEGBIS لە زیندانی کاندێراوە، ئەگەرچی پارێزەرەکانیشی ئامادەبوون، ئایسەل توغلوک لە دووەم ڕۆژی دانیشتنەکەدا بەشداریکرد. بەڵام لە قسەکردن و وەڵامدانەوەی پرسیارەکاندا بەهۆی نەخۆشییەوە زەحمەتی دەکێشا.
 

لە بەیاننامەیەکی هەڵمەتی ١٠٠٠ ژن بۆ ئایسەل توغلوک ئاماژەیان بە تووشبوونی نەخۆشی بیرچوونەوەی ئایسەل توغلوک کرد و لە دادگاشدا بە دژواری توانیویەتی قسە بکات. سەرۆکی دادگا بە زۆر داوای کردووە ئایسەل توغلوک بەرگری بکات لە دادگاکەدا، بۆیە لە وەڵامدا وتویەتی "من دۆخێکی تایبەتم هەیە و ناتوانم خۆم دەرببڕم، چونکە نەخۆشم" ئەو زیندانییە ناچار بوو کە بڵێ "بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە دواتر بەرگری لە خۆم دەکەم".

 

لە بەیاننامەکەدا هەڵمەتی ١٠٠٠ ژن بۆ ئایسەل توغلوک جەختیان لەوەکردەوە ئەگەر شتێک بەسەر توغلوکدا بێت، سەرۆکایەتی دادوەری و سەرجەم دەسەڵاتە ئیداری و دادوەرییەکان لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، هەروەها ڕەخنەیان لە بێدەنگی سەندیکاکانی پارێزەران گرت لە پرسی زیندانیانی نەخۆش و مردن لە بەندیخانەکان و ڕایانگەیاند کە قبوڵ ناکرێت.

 

هەر لە بەیاننامەکەدا داوا لە هەموو ئەو دەسەڵاتانە كراوە كە بەشداربوون لە پرۆسەی نایاسایی دژی ئایسەل توغلوك تا بە گوێرەی یاسا و زانست و ویژدان مامەڵە بكەن، هەروەها داواشكراوە دەستبەجێ ئایسەل توغلوك ئازاد بكرێت و لە کۆتاییدا وتیان: ئێمە ٦ هەزار ژن لە ٥٦ وڵاتەوە دەمانەوێت ئایسەل توغلوک و هەموو زیندانییە نەخۆشەکان ئازاد بکرێن".