له‌ هه‌ولێر دوو هاوژین کوژران و تاوانبارەکە دەستگیر نەکراوە

لە ڕووداوێکدا دوو هاوژین لەسەر کێشەی میرات و کۆمەڵایەتی کوژران و تا ئێستا تاوانبارەکە دەستگیر نەکراوە.

هەولێر

 

بەیانی ئەمڕۆ لە گەڕەکی سەلاحەدین لە شەقامی سورچیانی شاری هەولێر لە ڕووداوێکی تەقەکردندا دوو هاوژین لەلایەن برای ژنەکەوە دەکوژرێن.

 

بەڕێوەبەراتی پۆلیسی هەولێر لە ڕوونکردنەوەیەکیدا ڕایگەیاند، دوو کوژراوه‌کە ناویان "زەکەریا ڕۆستەم جبرائیل، ته‌مه‌ن ٢١ ساڵ" و "سومەییە س. ا، ته‌مه‌ن ١٨ ساڵ"، دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت کە تۆمەتباری بکوژ برای سومەییەیە بەناوی "س. س. ا."، هۆکارەکەشی بۆ کێشەیەکی خێزانی دەگەڕێتەوە و تەرمی کوژراوەکان گواستراوەتەوە بۆ پزیشکی دادی هەولێر.

 

یەکێک لە شایتحاڵی ڕووداوەکە به‌ نوژنهای ڕایگه‌یاند، ئەم هاوژینە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە کوژراون، کێشەکەش دەگەڕێتەوە بۆ پێشتر کە دوو هاوژینەکە کێشەیان هەبووە، بۆ چارەسەری کێشەکەیان بە سوڵحی عەشایەری ماڵی زەکەریا سێ کچی خێزانەکەیان داوەتە بنەماڵەی سومەییە، بەڵام دوای یەک ساڵ، برای سومەییە بە ناوی س.س. ا. بەیانی ئەمڕۆ بە بیانووی پێدانی میرات بە ژنەکە، هەڵیکوتایە سەر ماڵی زەکەریا و سومەییە و هەردووکیانی کوشتووە.

 

٩ ژن لە پارێزگای هەولێر کوژراون

ڕووداوەکانی کوشتن و هەڵکوتانە سەر هاوڵاتیان زیادیکردووە و ڕێوشوێنی پێویستیش بۆ کەمکردنەوەی حاڵەتەکان نەگیراوەتەبەر، لە ماوەی ڕابردوودا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بەوەدا کە ڕووداوەکانی کوشتن و بەتایبەت کوشتنی ژنان نەک تەنها لە هەرێمی کوردستان بەڵکو لە جیهاندا بوونی هەیە و بەمەش ڕەوایەتی بە کوشتندا، بەپێی ئامارەکانی شەش مانگی رابردووش، تەنها لە پارێزگای هەولێر ٩ ژن کوژراون.