بەپێی ڕووپێوییەک ئاستی خوێندنی ژنان بەرز بووەتەوە
بەپێی قسەی وەزیری وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کار لەسەر ئامارەکانی پەیوەست بە ژنان دەکرێت و دەدرێتە وەزارەت و لایەنەکانی دیکە تا لەسەر بنەمای داتاکان سیاسەت و بەرنامەکانیان دابڕێژن.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ لە مەراسیمێکدا لە شاری هەولێر ئەنجامی ڕووپێوی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و تەندروستی ژنان لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢١ خرایەڕوو کە لەلایەن دەستەی پلاندانان و سندوقی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ نوێنەرانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم و چەند ناوەندێکی دیکەی پەیوەندیدار ئامادە کراوە.
بەپێی ڕووپێوییەکە ئاستی خوێندنی ژنان و کچان پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، بە جۆرێک ڕێژەی خوێندنی ژنان و کچان بریتییە لە ٩٣.٤٪ لە کەرتی گشتی و ٥،١٪ لە کەرتی تایبەتیدا.
وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە کار لەسەر داتاکان دەکەن و هەوڵدەدەن بیدەنە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان تا لەسەر بنەمای ئەو بەڵگانە سیاسەت و بەرنامەکانی گەشەپێدان دابنرێن.
بەپێی قسەکانی وەزیری پلاندانان هەوڵدراوە تیشک بخرێتەسەر ئەو بوارانەی تایبەتمەندن بە باری هاوسەرگیری پێش تەمەنی ١٨ ساڵی و ١٥ساڵی، خوێندن، کارکردن، کاریگەریی کۆرۆنا لەسەر خانمان، توندوتیژی بەرامبەریان و هۆکارەکانی توندوتیژی، خەتەنەکردنی ئافرەتان و ژنان، وەرگرتنی خزمەتی تەندروستیی پێش مناڵبوون و بابەتی جیابوونەوە و هۆکارەکانی دواتری پەیوەست بە ژنانەوە.