ژنان زۆرترین خەڵاتی فێستیڤاڵی گەلاوێژیان بەدەستهێنا
دوو ژن خەڵاتی ساڵانەی گەلاوێژ و چوار ژن لە بواری شیعر و چیرۆک و لێکۆڵینەوەدا خەڵاتی گەلاوێژیان بەدەستهێنا.
ناوەندی هەواڵ
٢٥ەمین فێستیڤاڵی نیودەوڵەتی گەلاوێژ بە دروشمی "٢٥ ساڵە بەهرە و ئازادی ئاوێزانی گەلاوێژن" ڕۆژانی ٢٥-٢٨ی ئایار بە کردنەوەی پێشەنگایەکی شێوەکاری و کتێب دەستیپێکرد، لە ماوەی سێ ڕۆژی چالاکییەکانی فێستیڤاڵی گەلاوێژدا چەندین سیمیناری ئەدەبی و هونەری، شانۆ و چیرۆک و شیعر پێشکەشکران و لەلایەن لیژنەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا، دوێنێ ٢٨ی ئایار، کۆتا ڕۆژی فێستیڤاڵەکە خەڵاتی باشترین بەرهەم پێشکەشکرا.
لە فێستیڤاڵەکەدا ڕێژەیەکی زۆر ژنان لە بوارە جیاوازەکاندا بەشداربوون و توانیان خەڵاتی یەکەم و دووەمیش لە بواری شیعر، چیرۆک و هونەردا بەدەستبهێنن، خەڵاتی ساڵانەی فێستیڤاڵەکە بەخشرایە ناسک حەسەن و ئەرخەوان ڕەسوڵ.
لە بواری چیرۆکدا خاترە محەمەدی بە چیرۆکی "چاوەڕێم کەسێک تەلەفونم بۆ بکات"، دڵبرین عەبدولفەتاح عەلی لە بادینانەوە بەشداربوو، بوونە براوەی خەڵاتی چیرۆک.
لە بواری شیعردا، خەڵاتی سێیەم بەخشرایە شاعیر، گوڵاڵە عوسمان بە شیعری "لێرە نەبوویت دەنا پێم دەوتی"، ئاریان سەلیم خدر بە پێشکەشکردنی "خەبات و شوناسی کوردبوون لە باکوری کوردستان فیلمی زەر بە نمونە" توانی خەڵاتی یەکەمی لێکۆڵینەوە بەدەستبهێنێت.
لە پانێڵەکاندا ژنان بە بابەتەکانیان بەشدارییان کردووە، هەریەک لە ، نەجاح ئیبراهیم چیرۆکنووس لە ڕۆژئاوای کوردستان و هاوژین زیبا خەڵاتی ڕێزلێنانیان پێبەخشرا.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی گەلاوێژ، لەلایەن بنکەی رۆشنبیری گەلاوێژەوە ساڵەنە بەڕێوەدەبرێت، یەکەمین فێستیڤاڵی لە ساڵی ١٩٩٦دا لە سلێمانی بەڕێوەچوو، ئەمساڵیش ٢٥ەمین فێستیڤاڵ بە دروشمی "٢٥ ساڵە بەهرە و ئازادی ئاوێزانی گەلاوێژن" بەڕێوەبرا.