پێنجوێن کچێکی ١٤ ساڵ بە خنکێندراوی دۆزرایەوە
کچێکی ١٤ ساڵ دانیشتووی سەیدسادق، کە بۆ کار چووبووە شارۆچکەی پێنجوێن، بە خنکێندراوی دۆزرایەوە.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2022/05/20220518-jpg6ebe4c-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
شەوی ڕابردوو بەڕێوەبەری پۆلیسی پێنجوێن ڕایگەیاند، کچێکی تەمەن ١٤ ساڵان بە خنکاوی تەرمەکەی دۆزراوەتەوە و تا ئێستا نازاندرێت ڕووداوەکە چۆن ڕوویداو، بە پێی ئەو زانیارییانەی دراوە، شەوی ڕابردوو کاتژمێر ٩:٣٠ پۆلیسی پێنجوێن لە بوونی رووداوێکی دڵتەزێن، کە حاڵەتێکی خنکان بوو ئاگادار کراونەتەوە.
ناوی کچە خنکاوەکە "هەستیا فاروق" و لەدایکبووی ٢٠٠٨ و پیشەی خوێندکارە، هەستیا فاروق دانیشتووی سەیدسادقە، بە مەبەستی کارکردن ڕووی لە پێنجوێن کردبوو، تائێستا نازانرێت خنکێنراوە یاخود خۆی خنکاندووە.
ڕووداوەکانی کوشتن و ناچار بە خۆکوشتنی ژنان تادێت ڕوو لە هەڵکشانە، تێکڕاوی تەمەنی کوژراوەکان لە ١٤-٣٥ ساڵ دەبێت و هۆکارەکانی دەستدرێژی سێکسی، توندوتیژی ئەلکترۆنی و کوشتن بە ناوی شەرەف، قەیران و باری خراپی ئابوری شەڕ کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر ڕووداوەکان هەیە.