لە سەیدسادق ڕێپێوان دژی داگیرکاری لەسەر خاکی كوردستان ئەنجامدرا
لە شارۆچکەی سەیدسادق هاوڵاتیان دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و هاوکارییەکانی پەدەکە ڕژانە سەر شەقام و دروشمی "بۆ دەرەوە، سوپای تورکیا بۆ دەرەوە" وترایەوە.
شارەزوور
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەناو بازاڕی شارۆچکەی سەیدسادق، هاوشێوەی شار و شارۆچکەکانی دیکەی باشوری کوردستان، هاوڵاتیان ڕژانە سەر شەقام و دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و هاوکارییەکانی پەدەکە ڕێپێوان کرا.
لە ڕێپێوانەکەدا چەندین دروشمی وەک "بۆ دەرەوە، سوپای تورکیا بۆ دەرەوە"، "بژی بەرخۆدانی گەریلا" و "بمرێ خیانەت" وترانەوە، ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا کرا و داواکرا حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی خۆی دژی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا بخاتەڕوو، هاوکاری پەدەکەشیان بە خیانەتێک هاوشێوەی ١٦ی ئۆکتۆبەر بەناوکرد.
کەلسوم حسێن، ڕۆژنامەوان و بەشداربووی ڕێپێوانەکە، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها، ئاماژەی بەوەدا کە گەر کورد ئەمجارە هەڵوێستی هەبێت ئەوا جارێکی دیکە دەوڵەتانی داگیرکەر ناتوانن هێرش بکەنە سەر خاکەکەیان، وتیشی: لە هەر جێگەیەک دەبن، هەڵوێست دژی داگیرکارییەکان بنوێنن و بێدەنگ مەبن، بێدەنگی نیشانەی ڕازیبوونە، ئەم ناڕەزاییە پشتگیریەکە بۆ گەریلاکان، هێرشەکان گەر لە قەندیل و شەنگال کۆتایی پێنەهێنرێت، لێرە لە باشوری کوردستان بەردەوام دەبێت و دوژمن دەست لە گەنج و پیر ناپارێزێت.
جێی ئاماژەیە دەوڵەتی تورکیا لە ١٧ی نیساندا هێرشی داگیرکاری بۆ باشوری کوردستان دەستپێکرد و ناوچەکانی شیلادزێ، ئامێدی و دێرەلوک و چیای کورەژارۆی کردە ئامانج، بە بەرخۆدانی گەریلاکانی ئازادی لە چیاکان و ناڕەزایەتی و هەڵوێستی هاوڵاتیان لە چوار پارچەی کوردستان و ئەوروپا ئامانجەکانی دەوڵەتی تورکیا شکستی پێهاتووە.