ماڵی مریەم بۆ پاراستنی پاشماوەکانی ئەنفال کرایەوە

ئێوارەی دوێنێ ماڵی مریەم لە شارەدێی ڕزگاری کرایەوە و پێنج ژنی ئەنفالیش خەڵاتکران.

گەرمیان

 

ئێوارەی دوێنێ، ١٨ی نیسان لە شارەدێی ڕزگاری سەربە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، بە سەرپەرشتی ڕێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی ماڵی مریەم بۆ کۆکردنەوە و پاراستنی کەلوپەلی پاشماوەی ئەنفال کرایەوە، لە مەراسیمێکیشدا پێنج ژنی ڕزگاربووی ئەنفال کە توانیویانە سەرپەرشتی منداڵاکانیان بکەن، خەڵاتکران.

 

مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاكڕەوان دەستیپێکرد، دواتر كارین میلیدۆخ، سەرۆكی رێكخراوی هوكاری ئەڵمانی وتارێکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەدا بۆ یەکەمجارە بە ئامانجی پاراستنی كەرەستە و كەلوپەلی ئەنفالكراوان ماڵی مریەممان لە شارۆچكەی رزگاری كردەوە، "داواكارین بەجێماوانی ئەنفال كەرەستە و كەلوپەلی تایبەت بە ئەنفالكراوان بهێنن بۆ ئەم ماڵە، تا پارێزراو بن و وەک دۆکیۆمێنتێکی مێژووی بمێنێتەوە".

 

سەرۆکی ڕێکخراوی هاوکاری ئەڵمانی باسی لەوەشکرد ساڵانە ژمارەیەک ژن خەڵات دەکرێن وەک دایکانی ئەنفال کە تەمەنێكی زۆریان لە چاوەڕوانی ڕۆڵە و کەسوکاریاندان و لەگەڵ ئەوەشدا نەوەکانیان پێگەیاندووە، دوا بەدوای ئەوە پێنج ژن خەڵاتکران.

 

ماڵی مریەم، بە ناوی ژنێکی ڕزگاربووی ئەنفالەوە ناونراوە کە ساڵی ١٩٨٨ تازە دەستگیرانداربووە و دەستگیرانەکەی ئەنفال بووە، مریەم هەتا ساڵی ٢٠٠٦ جلە بوکێنییەکانی هەڵدەگرێت و دواتر دەیبەخشێتە مۆزەخانەی سلێمانی، لە ساڵی ٢٠١٦شدا لەدوای تەمەنێک چاوەڕوانی و ئومێدی گەڕانەوەی ئەنفالەکانیان، ژیانی لەدەستدا.