بە بۆنەی ٨ ئادارەوە پانێلێک بۆ ٣ دایکی قوربانی جینۆساید بەڕێوەچوو

سێ دایک کە هەر یەکەیان خاوەن چیرۆکی تایبەتن لە جینۆسایدەکانی سەر گەلی کورد، لە پانێلێکدا بەشێک لە کێشەکانیان باسکرد، هاوکات سەرکۆنەی ئەو حزبانەیان کرد کە جاش و ئەنفالچیەکانیان داڵدە داوە.

کەرکوک

 

نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە پەیمانگای زانست لە شاری کەرکووک، لە لایەن گۆڤاری تۆپزاوە و ڕێکخراوی کوردستان بۆ جینۆساید، پانێلێک بۆ سێ ژنی کورد کە قوربانی جینۆسایدی دەستی ڕژێمی بەعسن و بە بۆنەی ٨ی ئادارەوە ڕێکخرا، پانێلیستەکان بە نیگەرانی و دڵی پڕ لە حەسرەت بۆ کەسووکارەکانیان وتارەکانیان پێشکەش کرد، هاوکات باسیان لە داڵدەدانی چاش و ئەنفالچیەکان کرد لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە بە تایبەت پەدەکە.

 

"چاوەڕوانم دوو منداڵە ونبووەکەم بدۆزمەوە"

لە پانێلەکەدا شەونم عەبدوڵا دایکی منداڵی ونبوو، لە کیمیابارنکردنی هەڵەبجەدا وتەکانی پێشکەش کرد و وتی: ماوەی ٣٦ ساڵە لە چاوەڕوانیدام دوو منداڵم بدۆزمەوە، هەمان کات پێنج خوشک و برام لە تاوانی کیمیابارنکردنی هەڵەبجە کە ڕژێمی بەعس ئەنجامیدا لەدەستداوە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا داوای لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەنتەرێکی مایکرۆجین، لە ئاستی پێشکەوتوودا بکاتەوە، بۆ ئەوەی کاتێک منداڵێک بە هەڵەبجەی خۆی دەناسێنێت، پشکنینەکەی هاوتا بکرێتەوە لە گەڵ ئەو کەسانەی منداڵیان لێ ونبووە، ئەگەر لەگەڵ نموونەی خوێندی دایک و باوکەکەیدا یەکی گرتەوە ئەو کات ئاشکرا بکرێت و ئاهەنگی بۆ بکرێت، من هەر چاوەڕوانم، لە هەر شوێنێک منداڵێکی هەڵبجە هەبێت ئامادەم لە سەر گیرفانی خۆم بڕۆم بە دوایدا.

 

"حکومەتی هەرێم بێ خەمە و باکیان بە هیچ نیە"

تەمین حەمید، شایەتحاڵی جینۆسادی ئەنفال باسی لە بەشداریکردن لە دادگایکردنی سەدام حسێن، سەرۆکی حزبی بەعسی لە ناوچوو کرد و وتی: ناوی هەموو کەسە ئەنفالکراوەکانم پێشکەش بە دادگای ئەوکاتە کرد، کە زیاتر لە ١٠٠کەس بێسەرووشوێنە جگە لە ژن ومنداڵ، کاتێک سەدامم لە قەفەزی تاواندا بینی، ویستم پێڵاوکانی تێبگرم، بەڵام ئاگادار کرامەوە ڕێگەپێدراو نیم، پێیان وتم هەر سوکایەتیەک پێتخۆشە دەتوانی بە زمان و وشە پێی بڵێت، ڕووبەڕوو ناوی براکانمم لە سەدام پرسی، وتم چیت لەو هەموو خەڵکە ئەنفالکراوە کرد، وتم ئەگەر زیندوون یان ئێسکو پروسکیان بێت ئاشکرای بکە بۆمان، هیچ وەڵامێکی نەدامەوە، من بۆ ئەوە چووم بەشداریم کرد لە دادگاییکردنەکەدا، بەڵام حکومەتی هەرێم بێ خەمە وباکیان بە هیچ نیە.

 

" حکومەت و وەزیری شەهیدان پێویستە بێنە دەنگ"

سویلە مستەفا، ڕزگابووی تاوانی ئەنفالە، باسی لە داڵدەدانی جاش و ئەنفالچیەکان کرد لە لایەن پەدەکە و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە وتی: تەنها لە بەر ئەوەی کوردبووین جینۆساید و زیندە بە چاڵکراین، داوا دەکەین لە بەرپرسەکان هەتا کەی چاش و مستەشارەکان لە پەنای خۆیان داڵدە دەدەن، بە تاییەت پەدەکە زۆر پشتیوانی لە جاش و ئەنفالچیەکان دەکات و کار ئاسانییان بۆ دەکات.

 

ڕوونیکردەوە، مافی خۆیانە سەرۆکی حکوومەتی و وەزیری شەهیدان بێنە دەنگ لە سەر مافەکانیان، چونکە بە خوێنی شەهیدەکانی ئێمە لەو پێگەیە دانیشتوون، ئێمەی ژنانی کەسووکاری ئەنفال، لە دوای ئەنفالیش قوربانی دەستی کۆمەڵگا بووین، چەندین ژن کوژران لە پێناو ئەوەی دەڕۆشتن نان بۆ منداڵەکانیان پەیا بکەن قبوڵیان نەدەکرد.