ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی لافاوەکەی تانزانیا زیادی کردووە

ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی لافاوەوە لە وڵاتی تانزانیا بەرز بووەتەوە بۆ ٥٧ کەس و ٥٨ کەسی دیکەش هێشتا لە نەخۆشخانەکان چارەسەر وەردەگرن.

ناوەندی هەواڵ

 

ماوەی هەفتەیەکە لافاو وڵاتی تانزانیای گرتووەتەوە و زیان بە زیاتر لە هەزار خێزان کەوتووە و ٧٥٠ دۆنم زەوی کشتوکاڵیش لەناوچوون، سامیا حەسەن، سەرۆکی تانزانیا ڕایگەیاند، ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی لافاوەکانەوە کە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە بەهۆی بارانبارینی بەخوڕەوە ڕوویداوە، بۆ ٥٧ کەس بەرزبووەتەوە، هاوکات ٥٨ کەسی دیکەش هێشتا لە نەخۆشخانەکان چارەسەر وەردەگرن.

 

زەهرا یونس، وتەبێژی نووسینگەی سەرۆکی تانزانیا دووپاتی کردەوە، کە ئەو لافاوانەی وڵاتەکەی گرتووەتەوە زیانی بەرچاوی بە هەزار و ١٥٠ خێزان و ٦ هەزار و ٥٠٠ کەس گەیاندووە، هەروەها کاریگەری لافاوەکە لەسەر زەوی نزیکەی ٧٥٠ دۆنم زەوی کشتوکاڵی لەناوبردووە.

 

بارودۆخی خراپی کەشوهەوای ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا لە سەرەتای وەرزی بارانبارینی مانگی تشرینی یەکەمەوە، بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی سەدان کەس، لافاوێکی توندیش کە لە ئەنجامی دیاردەی ئەل نینۆ و دیاردەی کەشوهەوای دوو جەمسەری لە زەریای هیندیدا دروست بووە، بووە هۆی گیان لەدەستدانی سەدان کەس لە کینیا و سۆماڵ و سەدان هەزار کەسی دیکەشی ناچار بە کۆچکردن کردووە.