"هەڵبژاردنەکانی تورکیا گرنگە و پەیوەندی بە هەرێمی کوردستان و ناوچەکەوە هەیە"

کەژاڵ حەمە ڕەشید دەڵێت: دەنگدان بە کلیچدار ئۆغڵو سیاسەتێکی زیرەکانەیە بۆ بەرژەوەندییەکی گەورە و کەوتنی ئەردۆغان دکتاتۆریەتێکی ناسیۆنال مەزهەبی توندڕەوی خوێنڕێژ کۆتایی پێدێت.

ناوەندی هەواڵ

 

کەژاڵ حەمە ڕەشید، چالاکوان و دانیشتووی وڵاتی کەنەدا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی هەڵسەنگاندنێک بۆ بڕیاری پشتیوانیکردنی هەدەپە و پارتی چەپی سەوز، لە دەنگدان بۆ کەمال کلیچدار ئۆغڵو، بەربژێری جەهەپە بۆ سەرۆکایەتی تورکیا، دەکات و ڕایدەگەیەنێت، "دەنگدان بە کلیچدار ئۆغڵو، خۆشخەیاڵی نییە بە تەواوی ئەجێنداری جەهەپە، بەڵکو سیاسەتێکی زیرەکانەیە بۆ بەرژەوەندییەکی گەورە".

 

دەقی نووسراوەکەی کەژاڵ حەمە ڕەشید؛

"دەنگدان بە کلچدارئۆغڵۆ خۆشخەیاڵی نییە بە تەواوی ئەجێندای سیاسی جەهەپە و هاوپەیمانیەتیەکەی، هەروەکو چۆن پەیوەندی کورد لە سوریا/ڕۆژئاڤا لەگەڵ ئەمریکا خۆشخەیاڵی نەبووە و نییە بە ئەمریکا، تەنانەت هەندێک پەیوەندیان لەگەڵ دەسەڵاتی باشوور خۆشخەیاڵی نییە بە سیاسەتەکانیان، ئەمە ئەوەیە کە پێی دەوترێت سیاسەت، سیاسەتێکی زیرەکانە بۆ بەرژەوەندیەکی گەورە. بەڕێوەبەرانی ئەو تەڤگەرە لە سوریا و تورکیا لە هەر کەس باشتر ئەجێندای سیاسی هەریەک لەوانە دەناسن و دەخوێننەوە، کە هاوپەیمانی و کاریان لەگەڵ دەکەن، هەندێک کات لە سیاسەتدا ناچاریت پەیوەندی ببەستیت لەگەڵ هەندێ ڕوخساردا کەهەرگیز خۆشیت پێی نایەت.

 

بە کەوتنی ئەردۆغان لەم دەنگدانەدا سۆسیالیزم بەرپا نابێت، بەڵام دکتاتۆریەتێکی ناسیۆنال مەزهەبی توندڕەوی خوێنڕێژی فاشتی دژە کورد کۆتایی پێدێت، نەک هەرخۆی، بەڵکو ئەوانەش کە وابەستەن بە سیاسەتی ئەردۆغانەوە، لە نموونەی دەسەڵاتی بنەماڵەیی باشوور و گروپە ئیخوانی و سەلەفیە ئیسلامیەکان دەکەونە مەترسییەوە و گورزی گەورەیان بەردەکەوێت، ئەلێرەوەیە کە هەڵبژاردنەکانی تورکیا گرنگە و پەیوەندی بە هەرێمی کوردستان و ناوچەکەوە هەیە و لەو ئاڵوگۆڕەدا چارەنووسی کورد و دۆزی کورد ئاڵوگۆڕی گەورەی بەسەردا دێت".