ژنانی باشووری کوردستان؛ دەبێت پەدەکە لە خیانەتکردن بووەستێندرێت و عەزیمە ئارسوون ئازاد بکرێت
ژنانی باشووری کوردستان ئیدانەی دەستگیرکردنی عەزیمە ئارسوون، سیاسەتمەداری کورد دەکەن و داوا لە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و ژنانی دیکە دەکەن، " دژی ئەو کارە هەڵوێستیان هەبێت و لەڕێی دروستکردنی فشارەوە ژنە سیاسەتمەداری کورد عەزیمە ئارسوون ئازاد بکەن".
ناوەندی هەواڵ
ژنانی باشووری کوردستان لە بەیاننامەیەکدا دەستگیرکردنی عەزیمە ئارسوون، سیاسەتمەداری کوردی خەڵکی شرناخ لە باکووری کوردستان، لەلایەن ئاسایشی پەدەکە لە فرۆکەخانەی هەولێر ئیدانە دەکەن و ڕایدەگەیەنن، "دەبێت پارتی دیموکراتی کوردستان لە خیانەتکردن بووەستێندرێت و عەزیمە ئارسوون ئازاد بکرێت"، داواش دەکەن ژنانی سیاسەتمەدار و بەتایبەت شاناز ئیبراهیم ئەحمەد هەڵوێستیان هەبێت.
دەقی بەیاننامەکەی ژنانی باشووری کوردستان؛
"دەستگریکردن و فڕاندنی ئازادییخوازان و شۆڕگێڕان لەلایەن خیانەتکارانەوە شەرمەزار و ریسوا دەکەین، داوا لە ژنانی باشووری کوردستان دەکەین دژی ئەو کارە هەڵوێستیان هەبێت و لەڕێی دروستکردنی فشارەوە ژنە سیاسەتمەداری کورد عەزیمە ئارسوون ئازاد بکەن.
ژنە سیاسەتمەداری کورد عەزیمە ئارسوون، ڕۆژی ٢ی ئایاری ٢٠٢٣ کاتێک ویستویەتی بە مەبەستی چارەسەرکردنی نەخۆشیی، لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بچێتە دەرەوە، بە بەهانەی هەبوونی گرفت لە بەڵگەنامەکانیدا، لەلایەن هێزەکانی پەدەکە دەستگیر دەکرێت، دواتر بەڕێوەبەرایەتی نیشینگەی هەولێر ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە بەوەی، کە عەزیمە ئارسوون لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵی عێراق داواکراوە و ڕادەستی لایەنی داواکار دەکرێتەوە.
ئێمە وەک ژنانی باشووری کوردستان، دەستگیرکردنی سیاسەتمەدار عەزیمە ئارسوون لەلایەن هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان شەرمەزار دەکەین، بێگومان ئەم کردەوە خیانەتکارانەیە، جگەلە لە خزمەتکردن بە فاشیزمی تورکیی و دەسەڵاتە نامرۆڤانەکەی ئەردۆغان و داگیرکارییەکانی هیچ قازانجێکی بۆ هێڵی ئازادیی گەلەکەمان نییە.
داوا دەکەین پارتی دیموکراتی کوردستان و دەسەڵاتەکەی کە بوونەتە هاوکار و پشتیوانیی داگیرکارییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، چیتر درێژە بە خیانەتەکانی نەدات.
بەو پێیەی عەزیمە ئارسوون باری تەندروستی باش نییە و نەخۆشی هەیە، هاوکات کەسێکی سیاسەتمەدارە و مەترسی لەسەر ژیانی هەیە، داوا لە هەموو ژنانی سیاسەتمەداری کورد و بەدیاری کراوی باشووری کوردستان و بەتایبەتیش شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەکەین، وەک هەمیشە هەڵوێستیان هەبێت و ڕۆڵی کاریگەری خۆیان نیشان بدەن و بۆ ئازاد کردنی دەستپێشخەری بکەن.
ژنانی باشووری کوردستان
١٣ی ئایاری ٢٠٢٣