هەوڵی قەدەغەکردنی خەتەنەکردنی مێینە لە عێراق دەدرێت

ڕێکخراویی وادی ئەڵمانی بەهاوبەشیی لەگەڵ چەند ڕێکخراوێکی ژنانی عێراق، لە هەوڵدان بۆ دەرکردنی یاسایەک لە عێراق کە خەتەنەکردنی مێینە قەدەغە بکات  و پاراستنی مافەکانی ژنان و کچانی عێراق دەستەبەر بکات.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراویی وادی ئەڵمانی بەهاوبەشیی لەگەڵ چەند ڕێکخراوێکی ژنانی عێراق لە شاری سلێمانی کۆنفرانسێکیان بەست وت تێیدا پرۆژەیەکی هاوبەشیان ڕاگەیاند، کە کۆکردنەوەی داتای نوێیە لەسەر ڕێژەی خەتەنەکردنی مێینە لە شارەکانی عێراق و هەوڵدان بۆ دەرچوواندنی یاسایەک بۆ قەدەغە کردنی ئەو دیاردەیە لە عێراق و پاراستنی مافەکانی ژنان.

 

شۆخ محەمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ڕێکخراوەکە، وتاری کۆنفرانسەکەی پێشکەشکرد و وتی: بە خۆشحاڵییەوە لە ئێستادا لە هەرێمی کورستان یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی خێزانی ساڵی ٢٠١١مان هەیە، کە ژمارە هەشتی یاساکە پاڵپشتێکی باشە بۆ مافەکانی ژنان و کچانی کورستان.

 

 

لە زاری بەرپرسی ڕێکخراوەکەوە باسی لە داتاکانی خەتەنەکردنی مێینە لە عێراق کرد کە جیاواز بوون لەو داتایانەی لە ڕاستیدا بوونیان هەیە، ئەمجارە ڕێکخراویی وادی دووبارە دەست دەکاتەوە بە ئەنجامدانی ڕاپرسی  بەشێوازێکی وردتر و فراوانتر لە ناوچەکانی بەغدا، میسان و ناسریە، بۆ ئەوەی بزانن لە پاش تێپەڕبوونی ئەو چەند ساڵە ڕێژەی خەتەنەکردنی مێیینە چی بەسەرهاتووە.

 

جێی ئاماژەیە ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی چەندین ساڵە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کار دەکات بۆ کەمکردنەوەی خەتەنەکردنی مێینە و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری، ئامانجیشی لەم پڕۆژە هاوبەشە نوێیە، دەرکردنی یاسایەکە لە عێراق کە خەتەنەکردنی مێینە قەدەغە بکات  و پاراستنی مافەکانی ژنان و کچانی عێراق دەستەبەر بکات.