فێستیڤاڵی ڕۆژی کۆیە بەڕێوەچوو

فێستیڤاڵی ڕۆژی کۆیە بە نمایشی وێنەو کاری دەستی و خواردنی کوردەواری بەڕێوەچوو، ژنانی بەشداربوو ئاماژەیان بەوەکرد، پێویستە ژنان کاریان هەبێت و کەسایەتی خۆیان دیاری بکەن.

کۆیە

 

دوێنێ ١٥ی ئایار، فێستیڤاڵی ڕۆژی کۆیە بەڕێوەچوو کە تێیدا کۆمەڵێک  پێشانگەی وێنەو وكاری دەستی و خواردنی كوردەواری كرایەوە لەلایەن ژنانەوە.

 

فێستیڤاڵی ڕۆژی کۆیە هەموو ساڵێک لە ١٥ی ئایار بەڕێوەدەچێت و ئەمساڵ بەشێوەکی جیاوازتر بوو کە چەندین چالاکی لەخۆگرتبوو، ژمارەیەک ژنی دەستڕەنگین بەشداربوون و كاڵاكانیان ساغكردەوەو هەروەها لە کۆتاییدا كۆنسێرتێكی گۆرانی و میوزك پێشکەش کرا.

 

"پێویستە هەموو ژنێک کاری خۆی هەبێت"

تامان عەلی، كە بەخواردن و شیرنەمەنی بەشداری لە فێستیڤالەكە كردبوو وتی: دەرچووی پەیمانگەی پەرستاریم وهیچ هەلی كارم بۆدروست نەبوو، دەستم بە درووستكردنی خواردنی كوردەواری و شیرنەمەنی كرد، بە چەند خواردنێك بەشداریم كردووە لە فێستیڤاڵی كۆیە، پێویستە هەموو ژنێك كاری خۆی هەبێت چونكە هەركەسێك كارێك دەكات كەسایەتییەكی بۆدروست دەبێت، هەرچەندە بۆ ژن كاركردن  قورسە بەڵام پێویستە برەو بەكارەكان بدەین.

 

سێوە عەلی لە سلێمانیەوە بەشداری لە فێستیڤالەکە کردووەو لەبارەی كارەكەیەوە وتی: بەكاری هونەری و كاری دەستی بەشداریم كردووە و كارەكانم خواستی زۆریان لەسەرە، پێویستە ژنان نەترسن و دەست بەو كارە بكەن كە خولیایانە و بیكەن بە پیشە، چونكە سەرەتا كارەكان زەحمەتیان هەیە، لەوانەیە بەشداری فێستیڤاڵێک بکەیت هیچت بۆ نەفرۆشرێت بەڵام جاریكی دیكە زۆرباشتر دەبێت.

 

سارا زانست كە لە كۆیە بەشداری كردووە وتی: دەرچووی كۆلیژی ئەندازیاریم بەڵام دوای ئەوەی هیچ هەلی كارم نەبوو بیرم لەوەكردەوە خواردنگەیەكی كوردەواری دابنێم لەكۆیە، ئیستا  كارەكانم زۆر باشە زۆر خۆشحاڵم بەچەند خواردنیكی كوردەواری بەشدارم لەم فێستیڤاڵە.

 

مهاباد محەمەد، ژنێكی دیكەی بەشداربووە بە چەندین خواردن و شیرنەمەنی، ئەو خواردن و شیرنەمەنیەكانی بەڕێگەی ئۆنلاین ساغ دەكاتەوە و هەر لە مالەوە كاردەكات و ئامادەیان دەكات، جارجار بەشداری فێستیڤاڵەكان دەكات، وتی: هیوادارم هەر ژنێك كە لێهاتوویەكی تێدایە بتوانێت برەوی پێبدات دەست پێبكات و خۆی دەربخات، بۆ نمونە گەر فێستیڤالێكی لەم جۆرە هەبێت بەشداری بكات.