فێستیڤاڵی میدیایی دەنگەکانمان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو
ڕێکخراوی ئینتەرنیوز لە چوارچێوەی پڕۆژەی دەنگەکانمان(اصواتنا) فێستیڤاڵی میدیایی دەنگەکانمان'ی سازکرد و لە کاتژمێر ١٠ی بەیانی تا ٤:٣٠ی ئەمڕۆ بەردوام دەبێت.

ناوەندی هەواڵ
سەرەتای فێستیڤاڵەکە بە چەند پارچە موزیکێک دەستیپێکرد و دواتر وتاری ڕێکخراوەکە لەسەر میدیا و ژن لەلایەن سوزانا نەسر، بەڕێوبەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕێکخراوی ئینتەرنیوز بە زمانی ئینگلیزی پێشکەشکرا.
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ڕێواز فایەق بەشداری فێستیڤاڵەکە بوو، لە وتارێکیدا باسی لە دۆزی ژنان کرد کە لەلایەن کۆمەڵگەوە ڕووبەڕووی تەشهیر دەبنەوە و داواشی کرد کە میدیاکان لە خزمەتی ژناندا کاربکەن.
دونیا مەردان ئەندامی ڕێکخراوی ئینتەرنیوز، ئەنجامی شیکارییەکی دەربارەی دۆخی ژنان خستەڕوو، بەپێی شیکارییەکە لە هەرێمی کوردستان پشت بە تواناکانی ژنان نابەسترێت و متمانەیان پێناکرێت بەرپرسیارێتییان پێبدرێت، ئەمە جگە لەوەی ڕووبەڕووی گێچەڵ و هەراسانکاریی دەبنەوە.
لە ماوەی ڕابردوودا ڕێکخراوی ئینتەرنیوز یەکێک لە پڕۆژەکانی کۆکردنەوەی ژنانی ڕۆژنامەنووس و چالاکوان و سیاسی و توێژەکانی دیکەیە لە داتابەیسێکدا، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ، دیاری محەمەد لە فێستیڤاڵەکەدا ئاماژەی بەوەدا کە نزیکەی ٥٠٠ ناویان لە داتابەیسەکەدا تۆمار کردووە و بەردەوامیش دەبن تا کاری زیاتر لە داتابەیسەکەدا بکەن.
میدیاکانی باشور بە ڕەنگی پیاوانە کاردەکەن
هەر لەو فێستیڤاڵەدا چەندین ڕاپۆرت و فیچەر خرانەڕوو، کە باسی لە سەرکەوتنی ژنان دەکرد و لەلایەن ڕۆژنامەنووسانی ژنەوە ئامادەکرابوون. چەند ژنێکی سەرکەوتووی کورد و عەرەبیش لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەبوون و ئەزموونی خۆیان بۆ ئامەدەبوان خستەڕوو. لە بڕگەیەکی دیکەدا، خەڵات بەسەر چەند ڕۆژنامەنووسێکی ژن و دەزگای میدیاییدا دابەشکرا، کە لە چوارچێوەی پرۆژەکەدا بەشداریی کێبڕکێیەکیان کردبوو، سەبارەت بە باشترین ڕووماڵ بۆ دۆخەکانی ژنان و ڕاپۆرتی تایبەت بە دۆخی ژنان و چیرۆکەکانیان.
لە درێژەی فێستیڤاڵەکەدا پانێڵێک لەسەر جیاوازی جێندەری لەلایەن کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس و چالاکوانەوە بەڕێوەبرا، باسیان لەوەکرد لە میدیاکانی باشووردا یەکسانیی جێندەریی نییە و بەشداربوان هاوڕان لەسەر ئەوەی، سیاسەتی کارکردن لە میدیاکاندا پیاوانەیە و بەربەست بۆ پێشکەوتنی ژنان دروستەکەن .
فێستیڤاڵەکە بە پانێڵ بەردەوامە و بڕیارە تا کاتژمێر ٤:٣٠ درێژە بکێشێت.
ت.پ