فشاری تاڵیبان بەردەوامە: زیاتر ل ١٩٠ ێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەگەری کراوە
تاڵیبان ڕۆژانە فشارەکانی لە ئەفغانستان زیاد دەکات و بەهۆی ئەم فشارەوە لە ماوەی یەک ساڵدا زیاتر لە ١٩٠ پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ڕوویداوە.

ناوەندی هەواڵ
دوای ئەوەی تاڵیبان لە ١٥ی ئابی ٢٠٢١ لە ئەفغانستان هاتە سەر دەسەڵات، دەستیان کرد بە سەپاندنی سنووردارکردن و خراپ بەکارهێنان بەسەر کۆمەڵگا و بەتایبەت ژنان.
بە پێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ناوەندی ڕۆژنامەنووسانی ئەفغانستان؛ ساڵی ڕابردوو تاڵیبان ڕێنمایی نوێی لەسەر میدیاکان دەرکرد بە یاسای "فەرماندان بە چاکە و ڕێگریکردن لە خراپە" و زیادکردنی فشارەکان.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە ماوەی چوار ساڵی دەسەڵاتی تاڵیباندا، ١٩٠ پێشێلکاری لە سەرانسەری وڵاتدا بەرامبەر بە میدیاکان و ڕۆژنامەنووسان ڕوویداوە، ئەمەش بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادی کردووە. باس لەوەش کراوە کە ٤٥٪ی ئەو ڕووداوانە هەڕەشەن لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسان و لانیکەم ٤٥ ڕۆژنامەنووس ڕاگیراون کە تا ئێستا دەیان ڕۆژنامەنووس لە زینداندان.
٣٢ کەناڵی تەلەفزیۆنی داخران
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پەخشکردنی وێنەی ڕاستەوخۆ لە میدیاکان قەدەغە کراوە. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەم قەدەغەکردنە لە ئێستادا لە١٩ شاردا جێبەجێکراوە و لانیکەم ٣٢ کەناڵی تەلەفزیۆنی داخراون و بەشێک لە ڕێکخراوەکانی ڕاگەیاندن ناچاربوون بگۆڕدرێن بۆ فۆرماتی ڕادیۆیی بەمەبەستی بەردەوامبوون لە پەخشکردنیان.
جگە لەوەش لە سەرەتای ساڵی ڕابردووەوە پێنج ڕادیۆ و دوو کەناڵی تەلەفزیۆنی و دوو ڕێکخراوی پاڵپشتی میدیایی و ئاژانسێکی هەواڵ بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ئیدارەی تاڵیبان"، "گەندەڵی" و "هاوکاری لەگەڵ دامەزراوە یان وڵاتانی بیانی" داخراون.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە تاڵیبان یاسای "فەرماندان بە چاکە و قەدەغەکردنی خراپە" وەک ئامرازێک بۆ زیادکردنی فشار و سانسۆر لەسەر میدیاکان بەکاردەهێنێت.