لە ناوچە داگیرکراوەکان کوشتن و هێرش بۆ سەر ژنان زیادیکردووە
سەرچاوە تایبەتەکان لە شاری باب کە لە ژێر داگیرکاریی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی دایە، ڕووداوەکانی کوشتن و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان و منداڵانیان بۆ ئاژانسەکەمان ئاشکراکرد.
سیلڤا ئەلئیبراهیم
مەنبج- تاوان دژی ژنان لە ناوچە داگیرکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە، بەپێی ئەو زانیارییانەی کە سەرچاوە خۆجێییەکان بە ئاژانسی نوژنهایان داوە، لە مانگی ئایار و سەرەتای حوزەیراندا کوشتن و هێرشەکانی دژ بە ژنان لە شاری باب لە وڵاتی سووریا زیادیکردووە، سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ژنێک لە شارۆچکەی ئیهتیملات لە شاری عەزاز-ی داگیرکراودا خۆی کوشتووە، تەرمی ژنێکی دیکە بە مردووی لەسەر ڕێگای بەرشای قەباسین لە شاری باب دۆزراوەتەوە، ژنێکی تەمەن ٣٥ ساڵ بە فیشەک لە نزیک سایلۆی گەنم لە شاری باب کوژراوە.
هەر لە شاری باب، پیاوێکی تەمەن ٤٠ ساڵ دەستدرێژی سێکسی کردەسەر کچێکی ١٢ ساڵی ئاوارەی شاری تەدمور، مستەفا عەبدولڕەحمان عەبدولەتیف، سەرۆکی چەتەکانی قەڵغانی فورات دەستدرێژی کردووەتە سەر کچێکی تەمەن ٥ ساڵی خەڵکی حومس.
لە شاری باب خۆپیشاندان لە دژی پۆلیسی سەربازی دەوڵەتی تورک ئەنجادرا کە سەربازێکیان ئازادکردووە لە کاتێکدا خۆی دانی بەوەدا نەوە ٧ کەسی کوشتووە و دەستدرێژیی کردووەتە سەر دوو ژن.
ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی سەربازی باب لەسەر ماڵپەڕی فەرمی خۆی دووپاتیکردەوە کە خۆپیشاندان دژی پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر و چەتەکانی لە هەموو ناوچە داگیرکراوەکان بەردەوامە و دیاردەی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بڵاوبووەتەوە.