لە دوای بومەلەرزەکە سەدان هەزار کەس بەدوای پەناگەدا دەگەڕێن
دوایین ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزە کارەساتبارەکەی ڕۆژی دووشەممەی تورکیا و باکووری کوردستان، سووریا وڕۆژئاوای کوردستان ٧٨٠٠ کەسی تێپەڕاند.
ناوەندی هەواڵ
دوایین ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزە کارەساتبارەکەی ڕۆژی دووشەممە ٧٨٠٠ کەسی تێپەڕاند، لە تورکیا و باکووری کوردستان پێنج هەزار و ٨٩٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزار و ٩٣٢ کەس لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان گیانیان لەدەستداوە کە کۆی گشتی ٧ هەزار و ٨٢٦ کەس گیانیان لەدەستداوە، ترس هەیە ژمارەی گیانلەدەستدان بە شێوەیەکی بێ وەستان بەرزبێتەوە و بەرپرسانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی مەزەندە دەکەن کە ڕەنگە تا ٢٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستدابێت.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان گیانیان لەدەستداوە، دوو هەزار و ٤٠٠ کەسی تێپەڕاندووە، بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە تورکیا و سوریاوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە هەشت هەزار و ٢٩٤ کەس.
تا ئێستا زیاتر لە هەشت هەزار کەس لە ژێر داروپەردوو و پاشماوەکانی تورکیا هێندراونەتە دەرەوە، نزیکەی ٣٨٠ هەزار کەس پەنایان بردوەتە بەر پەناگە یان هۆتێلەکانی حکومەت و هەندێکی دیکەش لە مۆڵەکانی بازرگانی و یاریگا و مزگەوت و ناوەندە کۆمەڵایەتییەکان کۆبوونەتەوە.
دەزگای بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی تورکیا ڕایگەیاندووە، ١١ هەزار و ٣٤٢ ڕاپۆرتی ڕووخانی بیناکانیان هەیە لە تورکیا و باکووری کوردستان، لەو ژمارەیەش ٥ هەزار و ٧٧٥ ڕاپۆرتیان پشتڕاستکراوەتەوە، وەزارەتی گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا ڕایگەیاندووە لە شەوێکدا سێ هەزار و ٤٠٠ کەس پەنایان بردوەتە بەر شەمەندەفەرانەی کە وەک شوێنی نیشتەجێبوونی فریاگوزاری بەکاردەهێنرێن، و زیاتر لە ٢٤ هەزار و ٤٠٠ کارمەندی گەڕان و فریاگوزاری بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزەکە جێگیر کردووە.