فەرمانی دەستگیرکردن بۆ پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق دەرچوو
لەسەر داوای ئەسعەد غیدانی پارێزگاری بەسرە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دکتۆر ڕەحاب عەبودە پەرلەمانتاری پێشووی عێراق و ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ کاروباری ژنان دەرچووە.

ناوەندی هەواڵ
چەوساندنەوەی ژنانی عێراق درێژەی هەیەو، لەسەر داوای پارێزگاری بەسرە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق بەناوی ڕەحاب عەبودە دەرچووە.
میدیا عێراقییەکان سەبارەت بە دەستگیرکردنی ڕەحاب عەبودە ڕایانگەیاند، لەسەر داوای ئەسعەد غیدانی پارێزگاری بەسرە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دکتۆر ڕەحاب عەبودە پەرلەمانتاری پێشووی عێراق و ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ کاروباری ژنان دەرچووە وهۆکاری دەستگیرکردنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئاشکراکردنی دۆسییەی مردنی بە گووماناویی دکتۆر بان زیاد تاریق.
ئاماژە بەوەشکراوە، فەرمانەکە بەپێی ماددەی ٤٣٣ لە یاسای سزادانی عێراقی دەرچووە.
هەفتەی ڕابردوو دکتۆر بان زیاد تاریق لە بەسرە کوژرا و بە پێی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ ئەشکەنجەی زۆری پێوە دیاربووە، کە کاردانەوەی شەقامی عێراقی لێکەوتەوە، هەروەها دکتۆر ڕەحاب عەبودە ڕەخنەی لە بڕیاری سیاسەتمەدارانی عێراقی گرت.