فەرماندە: یەکینەکانی پاراستنی ژنان ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە بەرخۆدانی بەنداوی تشرین
یەکینەکانی پاراستنی ژنان لە ڕیزەکانی بەرخۆدان ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە، ئەمیرە محەمەد، فەرماندە وتی: ئەمڕۆ ژنە شەڕڤانەکان لە خەباتدان و سەرسوڕهێنەرترین قارەمانێتی تۆمار دەکەن لە پێناو پاراستنی گەلەکەیان و سەقامگیری ناوچەکە.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2025/02/20250211-jpg613a1c-image.jpg)
بەنداوی تشرین
گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هێزەکانی سووریای دیموکراتیک و یەکینەکانی پاراستنی ژنان بەرخۆدانێکی مێژوویی و شەڕی توند بۆ پاراستنی یەکێتی خاکی سوەریا و ڕاگرتنی دەوڵەتی تورکیا ئەنجام دەدەن، کە ئەم قۆناغە هەستیارەی مێژووی سووریا دەقۆزێتەوە بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانی بۆ فراوانکردنی داگیرکارییەکانی.
شەڕی بەنداوی تیشرین (دووەم گەورەترین بەنداوی سووریا) و پردی قەرقۆزاخ کە هێڵی یەکەمی پاراستنە بۆ کۆبانی لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هێڵی پێشەوەی پاراستن بەرامبەر داگیرکاری تورکیا پێکدەهێنن لەم شەڕەدا، یەکینەکانی پاراستنی ژنان و هێزەکانی سووریای دیموکراتیک ماوەی نزیکەی ٢٦ ڕۆژە بەرخۆدان و شەڕی بەردەوامیان ئەنجامداوە، لەو ماوەیەدا زیانێکی زۆریان بەسەر داگیرکەریەکەدا گەیاندووە بۆ ئەوەی پێشڕەوی نەکات.
سەبارەت بە دوایین پێشهاتی بەرخۆدانی بەنداوی تشرین لە ناوچەی باکوورو ڕۆژهەلاتی سووریا، ئەمیرە محەمەد، فەرماندە لە یەکینەکانی پاراستنی ژنان باسی لە بەرخۆدانی هێزەکان و زیانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر کرد.
ئەمیرە محەمەد، فەرماندە لە یەکینەکانی پاراستنی ژنان لە کانتۆنی فورات ڕایگەیاند، هێزەکانی سووریای دیموکراتیک و یەکینەکانی پاراستنی ژنان لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕدان لەگەڵ چەتەکانی داگیرکەری تورکیا و بە هەموو هێز و ئازایەتییەکانیانەوە ڕووبەڕووی ئەم هێرشانە دەبنەوە کە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایان کردۆتە ئامانج.
دووپاتی کردەوە کە ڕێگە بە چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک نادەن بە ئامانجی خۆیان بگەن، وتی: بە هەوڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک و یەکینەکانی پاراستنی ژنان، شەڕی گەورەترین ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانمان کرد کە داعش نوێنەرایەتیان دەکات. هەروەک چۆن داعشمان تێکشکاند، داگیرکاریش تێکدەشکێنین و ڕووبەڕووی هێرشە سیستماتیکییەکان بۆ سەر ناوچەکەمان دەبینەوە.
ئاماژەی بە گرنگی یەکگرتوویی پێکهاتەکانی ناوچەکە لەم قۆناغە هەستیارەدا کرد، بەو پێیەی پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەوانە کورد، عەرەب، و سووریەکان، ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هێرشانە و شەڕی میدیایی، ئاماژەی بە گرنگی ڕۆڵی ژنان کرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکاریی تورکیادا، وتی: یەکینەکانی پاراستنی ژنان ڕۆڵێکی گەورەیان هەیە، ئەمڕۆ ژنە شەڕڤانەکان لە خەباتدان و سەرسوڕهێنەرترین قارەمانێتی تۆمار دەکەن لە پێناو پاراستنی گەلەکەیان و سەقامگیری ناوچەکە.
ئەمیرە محەمەد ل کۆتایی قسەکانیدا هیوای خواست ئاسایش و سەلامەتی لە ناوچەکە زاڵ بێت.