فکریە کار: چیتر نابێت ژن بکوژرێت

کوشتنی ژنان لە باکووری کوردستان و تورکیا لە لایەن هاوژینەکانیانەوە یاخود ئەندامانی خێزانەکانیانەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتداران تا ئێستا سیاسەتی بێ سزا بەرامبەر بە تاوانباران پەیڕەو دەکەن.

 مەدینە مامەدئۆغلو

 

ئامەد-هیلال کار، تەمەنی ٣٣ ساڵ بوو، کاتێک لە ماڵ دەرچوو بۆ ئەوەی بچێتە سەر کارەکەی لە گەڕەکی پێنجی نیسان لە ناوچەی ڕێزان لە ئامەد، بە گولـلە لەلایەن هاوژینەکەی بە ناوی "محەمەد" کوژرا.

 

هیلال کار، لە ٢٢ی حوزەیران لە شوێنی ڕووداوەکە گیانی لەدەستدا، دوای پشکنینی تەرمەکەی لە گۆڕستانی یەنیکۆی بەخاک سپێردرا، دەرکەوت ئەو سکاڵایانەی پێشتر لەسەر هاوژینی پێشووی محەمەد کە تۆمار کراون، بێ ئەنجامە.

 

لە یەکەم ڕۆژی هاوسەرگیرییەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی بووەتەوە

فکریە کار، دایکی هیلال کار باسی لەوەکرد، چوار ساڵ پێش ئێستا کچەکەی هاوسەرگیری کردووە، هەروەها لە یەکەم ڕۆژی هاوسەرگیرییەوە بەشێوەیەکی بەردەوام توندوتیژی بەرامبەر کراوە، کچەکەی کە خاوەنی چوار منداڵە، لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە و بەهۆی هەڕەشەی بەردەوامی هاوژینەکەی ناچار بووە چەندین خانوو بگۆڕێت.

 

فکریە کار ئاماژەی بەوەکرد، کە محەمەد هاوژینی پێشووی هیلال، کوڕە بچووکەکەی و کچەکەی بردووە و هەڕەشەی کوشتنی لێکردوون، وتی: بەردەوام هەڕەشەی لە کچەکەم دەکرد کە ئەگەر لە کارەکەی بەردەوام بێت دەیکوژێت، تەنانەت کوڕەکەشی لێوەرگرتەوە، کچەکەم ماوەیەک بەر لە ئێستا لە ڕێگەی چوونی بۆ سەر کارەکەی، هێرشی کراوەتە سەر، ڕۆژانە توشی هەڕەشە و توندوتیژی دەبووەوە.

 

"دادگا تاوانبارەکان ئازاد دەکات"

فکریە کار ئاماژەی بەوەکرد، زیاتر لە سکاڵایەک لەسەر محەمەد تۆمارکراوە دەربارەی ئەو توندوتیژی و هەڕەشەی کوشتنانەی کە لەدژی کچەکەی کردوویەتی وتی: چەند جارێک سکاڵامان تۆمارکرد، بەڵام ئەوان ئەو پیاوەیان دەستگیر نەکردووە و بە بێ چاودێری وازیان لێهێناوە، بۆیە ئێمە ناتوانین هیچ بکەین، چونکە بەردەوام لەلایەن دادگاوە ئازاد دەکرا.

 

ڕوونیکردەوە، جارێکیان دراوسێکان گوێیان لە دەنگە دەنگ بوو پەیوەندییان بە پۆلیسەوە کرد، بەڵام دیسانەوە ڕێکار نەگیرایەبەر، سەرەڕای سکاڵاکە ڕێگەیان بەو پیاوە دا بڕوات، ئەگەر ئەو پیاوە ئەمڕۆ لە زیندان بوایە، کچەکەمی نەدەکوشت، من تەنها دادپەروەریم دەوێت، دەمەوێت ئەم بکوژە دەستگیر بکرێت و سزا بدرێت.

 

"بکوژەکان لە زینداندا بەهێز دەکرێن و دووبارە ئازاد دەکرێن بۆ کوشتنی ژنی دیکە"

فکریە کار، داوای لە ڕێکخراوەکانی ژنان کرد بەدواداچوون بۆ کوشتنی کچەکەی بکەن و وتی: دەوڵەت توندوتیژی دژی ژنان ئەنجام دەدات، نابێت ئەم کەسانە بەجێبهێڵین کە ژن دەکوژن، کاتێک ئەم بکوژانە دێنە دەرەوە، هێز پەیدا دەکەن و ژنانی زیاتر دەکوژن، بکوژەکان بەهۆی لێبوردنەوە هەموویان ئازاد دەکرێن، نابێت ژن بکوژرێت، نابێت چیتر منداڵان بێ دایک بمێننەوە.

 

لە کۆتایدا بە پێویستی زانی ڕێگری لەم کارە بکرێت، وتی: من تا دوا هەناسەم لەم پیاوە خۆشنابم، هیچ شتێک نەماوە کە بۆ کچەکەم نەمکردبێت، ئیتر دروست نییە ژن بکوژرێت، هەروەها نابێت ئەم بکوژانە ئازاد بکرێن.