هەڵبژاردن لە ئامەد: گۆڕان مەرجە بۆ وڵاتێکی دادپەروەر

ژنانی ئامەد سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار لە تورکیا ڕایانگەیاند، گۆڕان مەرجێکە بۆ وڵاتێکی دادپەروەر، هەروەها سەرنجیان بۆ قەیرانی ئابووری و زیادبوونی کوشتنی ژنان ڕاکێشا.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئامەد- هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە ١٤ی ئایاری ٢٠٢٣ بەڕێوەدەچێت، کارنامەی هەڵبژاردن بڵاوکراوەتەوە و سەندیکاکان دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردن کردووە، ژنان بە ئیرادە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانیان دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان.

 

ژنانی ئامەد لە شەقامەکاندان و بانگەشە بۆ سەرکەوتنی ئازادی و دیموکراسی دەکەن، دەربارەی قەیرانی ئابووری و کۆمەڵکوژی ژنان و حکومەتی ئاکەپە دەڵێن، "ئیدی پێویستە بڕوات".

 

"گەنجان و ژنان ڕێگە بە هەڵبژاردن دەدەن"

ژنانی ئامەد ئاماژەیان بەوە کردووە کە ناتوانن نانێک بکڕن، بە دەستی بەتاڵ دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان و منداڵەکانیان بێکار دەمێننەوە، هەروەها وەک مرۆڤی پلە دوو لە وڵاتدا سەیر دەکرێن.

 

گۆکچە کۆرکماز باسی لە هەڵبژاردن کرد و وتی: من لە پڕۆسەی ئێستا ڕازی نیم، دەبێت ئەمە بگۆڕین، وڵات مایەپووچ بووە و تەواو بووە، هەموو کەسێک هەموو شتێک دەبینێت، بێگومان دەبێت بگۆڕێت و حکومەتێکی جیاواز هەبێت، ئەم دۆخە بۆ ژنانیش ڕەوایە چونکە لە وڵاتێکدا دەژین کە دادپەروەری تێدا نییە، ئەگەر دادپەروەری هەبوایە ئێستا لە دۆخێکی جیاوازدا دەبووین، هەمووان ئاگاداری ئەمەن، هیچ شتێک نییە لە وڵاتدا ڕووی نەدابێت، ژنێکی زۆر دەکوژرێن و هیچ ڕێگەیەک ناگیرێتە بەر، تەنها سەیری ئەم دۆخە دەکەن، خەڵک هاتوونەتە دۆخێکەوە کە چیتر نانیان بە دەستەوە نەماوە و هەژاری هەیە، سەرەتا دادپەروەری و لێبوردەییمان دەوێت و دەبێت حکومەتی ئێستا بڕوات، با دەستلەکاربکێشنەوە چونکە ناتوانن وڵات بەڕێوە ببەن.

 

"دەنگی خۆمان بۆ دادپەروەری بەکاردەهێنین"

بێرا بۆزکورت، ژنێکی دیکەیە و دەڵێت: وەک ژنێک کە لەم وڵاتە دەژیم، دەمەوێت ئیدارەیەکی نوێ هەڵبژێردرێت و مافی ژنان و ئازادییان بپارێزرێت، هیچ سزایەک بۆ کوشتنی ژن نییە و ئەم دۆخەش تەنها پەیوەندی بە پرسی ژنانەوە نییە، دادپەروەری لە هیچ بوارێکدا نییە، بۆ دادپەروەری بە هەموو شێوەیەک ڕای خۆمان دەردەبڕین و دەبێت دەنگمان کاریگەری ئەرێنی هەبێت، ئێستا دەوترێت ژنان گوایە لە بواری یاساییدا هەندێک ئازادییان هەیە، بەڵام ئەوە لە ژیانی کۆمەڵایەتیماندا نابینین، بۆیە هەڵسەنگاندن بۆ ئەو بەڵێنانە دەکەین کە لایەنەکان داویانە، بێگومان ئەو حزبەی ئێمە دەنگی پێدەدەین حکومەت نییە، کاتێک سەیری پرۆفایلی دەنگدەران دەکەین، پرۆسەکە ئەرێنی دەردەکەوێت.

 

"کەس ناتوانێت نان بهێنێتەوە بۆ ماڵەکەی خۆی"

مەمدوه ئاڵتین دەڵێت: دۆخەکە زۆر خراپە، خەڵک ناتوانێت هیچ بکڕێت، هەموو شتێک گرانە و خەڵک هەژارن، بژێوی ژیانیان زۆر قورسە، با ئەم قەیرانە کۆتایی بێت و ئاشتی بۆ وڵات بگەڕێتەوە، با ئێستا ئەم قەیران و هەژارییە کۆتایی پێبێت. خەڵک ناتوانن نان بهێنن بۆ ماڵەکەی خۆیان.

 

"ئەم قەیرانە تا چەند بەردەوام دەبێت؟"

ئەمینە ئۆزدەمیر دەڵێت: ماڵەکەمان چۆڵ بوو بەڵام کەس نەهات و سەیری نەکرد، گوتیان ستوونی ناو ماڵەکە شکاوە، بەڵام دەتوانی لەوێ بمێنیتەوە، ئێمە تەنانەت ناتوانین نان بکڕین و دەوڵەت گرنگی بە کەس نادات و ئاگاداری کەسیش نییە، نابێت خەڵک لەم بارەیەوە بێدەنگ بن، ئەم قەیرانە، ئەم دۆخە، ئەم وێرانکارییە تا کەی بەردەوام دەبێت؟