"لە پێناو کۆتایی هێنان بە ستەم تێکۆشانمان فراوان دەکەین"

هاوسەرۆکانی دەم پارتی و دەبەپە لە جولەمێرگ، لەگەڵ نوێنەرانی ڕێکخستنەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆبوونەوە و ڕایانگەیاند، بۆ ئەوەی کۆتایی بە دەسەڵاتداریی و ستەم بهێنین تێکۆشانی مەزن و فراوانتر دەکەین.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرخۆدانەکان لە دژی دانانی قەیوم بۆ شارەوانی جولەمێرگ لەو شارەدا بەردەوامە، لەو چوارچێوەیەدا تولای حاتم ئۆغۆلاری و تونجەر باکرهان هاوسەرۆکانی گشتی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان- دەم پارتی، چیدەم کلچگون ئوچار و کەسکین بایندر هاوسەرۆکانی گشتی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان- دەبەپە، لە جولەمێرگ لەگەڵ نوێنەرانی ڕێکخستنەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆبوونەوە و پەیوەست بە سەپاندنی قەیوم و قۆناغەکانی دواتر گفتوگۆیان کرد.

 

تولای حاتم ئۆغۆلاری، ئاماژەی بەوەکرد، ئەوەی ڕوودەدات کودەتای دەسەڵاتدارییە بەرامبەر دیموکراسی، لەلایەن ئەوانەوە کە یاسا نازانن، ئەردۆغان و هاوبەشە بچووکەکەی وڵات بەرەو کارەسات دەبەن، هەر بۆیە ئێمەش لە دژی ئەم دەسەڵاتدراییە لە هەموو گۆڕەپانەکاندا تێدەکۆشین.

 

هەروەها باکرهان وتی: دەیان جار وتوومانە ئەم دەسەڵاتدارییە دان بە کورددا نانێت و چەندین جار خۆیان بەسەر ئیرادەی گەلی کورددا سەپاندووە، لە هەڵبژاردنەکانی ٣١ـی ئاداردا خەڵکی کوردستان و تورکیا کارتی زەردییان بە ڕوودا بەرزکردنەوە، بەڵام وادیارە ئەم دەسەڵاتە کارتی سووری دەوێت.