بزووتنەوەی ژنانی پەنجەرەی هیوا داوای یاخیبوون لە دژی تاڵیبان دەکەن

بزووتنەوەی ژنانی پەنجەرەی هیوا لە ساڵی سێیەمی داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە لێدوانێکی دا و داوای یەکڕیزی دژی تاڵیبان کرد و داوای یاخیبوونی لە ١٥ی ئابدا کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

تاڵیبان کە بە سیاسەتەکانی دژە ژنان ناسراوە، لە ١٥ی ئابی ٢٠٢١ دەست بەسەر ئیدارەی وڵاتەکەی لە ئەفغانستان گرت و هەموو بوارەکانی ژیانی ژنانی ڕووخاند، لە ساڵی سێیەمی دەسەڵاتی تاڵیباندا، کۆمەڵێک لە چالاکانی ژن بە ناوی "بزووتنەوەی ژنانی پەنجەرەی هیوا" داوایان لە خەڵک کرد کە لە ١٥ی ئابدا ڕاپەڕن و شەڕ بکەن.

 

"ئێمە هاوار دەکەین و دەنگمان بەرز دەکەینەوە"

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ژنانی ئەفغانستان، بزووتنەوەی ژنانی پەنجەرەی هیوا ڕایگەیاند:

 

لە ١٥ی ئابدا داوا لە هەموو خەڵکی ئەفغانستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و بزووتنەوە فێمینیستەکان و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ دەکەین پشتیوانی ژنانی ئەفغانستان بکەن، ئێمە لە قوڵایی قەیرانەکەداین، هاوار دەکەین و دەنگمان بۆ مافەکانی مرۆڤ بەرز دەکەینەوە، با بە هەموو هێزمان لەگەڵ ژنانی ئەفغانی بین، با جارێکی تر مرۆڤایەتی و بەهاکانی مافی مرۆڤ بپارێزین، با بوەستین و بەرەنگاری پێشێلکاری سیستماتیکی مافەکانی ژنان ببینەوە بۆ ئەوەی مافی مرۆڤ لە ئەفغانستان بگەڕێنینەوە.

 

لە ماوەی ئەو سێ ساڵەی کە تاڵیبان حوکمڕانی ئەفغانستانی کرد، ژیان بوو بە دۆزەخ بۆ گەلی ئەفغانستان بە گشتی و ژنان بە تایبەت، بەرەنگاربوونەوەی ستەمی تاڵیبان، یەکڕیزی، نوێکردنەوەی هێزمان، پاراستنی ئیرادە و ڕزگارکردنی گەل کلیلی سەرکەوتنمانە.