"دەوڵەتی تورکیا پێشێلکاری دەکات و هێرش دەکاتە سەر ژێرخانی ئابووری خەڵک"

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئاماری هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان لە ماوەی دوو ڕۆژدا خرایەڕوو، کە زۆرترین تاوان و پێشیلکاری دژی خەڵکی مەدەنی ئەنجامداوە.

سلێمانی

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان لە ناوەندەکەیان لە شاری سلێمانی کۆنگرەیەی ڕۆژنامەنووسییان لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە دروشمی "باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان پێکەوە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەوەستنەوە" بەست و داوا لە هێزە نێودەوڵەتییەکان کرد، بە کرداری کار بۆ وەستاندنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بکات.

 

لە کۆنگرەکەدا سەرکەوت بابان، ئەندامی بەرەی پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورکیا ناوچەی مەدەبی و هاوڵاتیان دەکاتە ئامانج و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگە، بە تایبەت دەوڵەتی عێراق کە هاوکاری دەوڵەتی تورکیایە بەرامبەر بەو هێرشانەی دەکرێتە سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان وتیشی: ئامانجی دەوڵەتی تورکیا ئەوەیە کە کوردستان نەبێتە یەک پارچە و بە ئامانجکردنی ئابووری وڵات و ژێرخانەکەی بۆ تێکدانی ژیانی خەڵک، داواکارین لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە بێدەنگ نەبن بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و کار بۆ وەستاندنی بکەن.

 

دواتر فەتحولا حسێن، ئەندامی نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی کوردستان ئاماری هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای خستەڕوو کە کردوویەتیە سەر ناوەند و ناوچەی نیشتەجێبوونی خەڵکی مەدەنی، وتیشی: یەکێک لەو ناوچانەی کە بۆردوومان کراوە کۆگای کۆکردنەوەی ئاو بووە کە خەڵکی حەسەکە لێی سودمەند بوون، بە هێرش کردنە سەر ژێرخانی گەل، دەیەوێت ژیان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەناو ببات.

 

بەپێی ئامارەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستان کە ئەمڕۆ بۆ ڕای گشتی بڵاوکراوەتەوە، دەوڵەتی تورکیا فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و فڕۆکەی جەنگی بەکارهێناوە و هێرشەکانیشی بەردەوامە بۆ سەر خەڵکی مەدەنی لە ڕۆژئاوای کوردستان.

 

بەشێک لە ئامارەکانی هێرشی دەوڵەتی تورکیا بەم شێوەیەیە؛

بەیانی ئەمڕۆ، دەوڵەتی تورکیا جارێکی دیکە مەزارگەی میشەفا حمێی لەسەر ڕێگای حەسەکەو تل تەمر بۆردومان کرد و سێ کەسی بریندار کرد و زیانی ماددی لێکەوتەوە، سێیەم هێرش کرایە سەر ئۆتۆمبێلێک.

 

لە هەمان کاتدا میشەرفا چوار جار لێیدراوە و سێ جار دەوروبەری کامپی واشوکانی بۆردومان کراوە کە کۆچبەرانی سەرێکانی تێدایە.

 

لە هەمان کاتدا، لە چەند خولەکی ڕابردوودا، خاڵێکی پشکنین لە ناوچەی چیلاخی کانتۆنی قامیشلۆ کرایە ئامانج و بریندار هەیە، وێستگەی کارەبا و کۆگای کۆکردنەوەی ئاو کراونەتە ئامانج.

 

هەروەها گوندی تل حەبەش لە ناوچەی عامودا لە کانتۆنی قامیشلۆ بۆردومان کرا.