یەکێتی میدیای ئازاد لیژنەیەکی دۆزینەوەی ڕاستییەکان بۆ بەئامانجکردنی ڕۆژنامەنووسان پێکدەهێنێت

یەکێتی میدیای ئازاد بە هاوکاری ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە ناوچەی جەزیرە، لیژنەیەکی دۆزینەوەی ڕاستییەکان بۆ بەئامانجکردنی ڕۆژنامەنووسانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای پێکهێنا.

شیرین محەمەد

 

قامیشلۆ- دەوڵەتی تورکیا بەردەوامە لە بەئامانجگرتنی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، میدیاکانیش بێبەش نین لەو هێرشانە، سەرەڕای بوونی یاسا نێودەوڵەتییەکان کە داوای پاراستنی ڕۆژنامەنووسان دەکەن، بەتایبەتی لە شەڕەکاندا، بەڵام لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا خەباتکارانی میدیا ڕووبەڕووی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەبنەوە، بۆیە یەکێتی میدیای ئازاد بە هاوکاری ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە ناوچەی جەزیرە لیژنەیەکی دۆزینەوەی ڕاستییە بۆ بەئامانجکردنی ڕۆژنامەنووسانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای پێکهێنا

 

ئەڤین ئیبراهیم، ​​ئەندامی دەستەی کارگێڕی یەکێتی میدیای ئازاد، ڕایگەیاند، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و خەباتکارەکانی میدیا لە ناوچەکە وتی: میدیا دەنگ و چاوی ڕاستییەکانن، بۆیە لە ناوچەکەدا لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە دەکرێنە ئامانج، لە سەرەتای شۆڕشەوە لە ڕۆژئاوا ٢٧ خەباتکاری میدیا کراونەتە ئامانج کە بریندار و گیانیان لەدەستداوە، ئەمساڵیش ٦ میدیاکاری دیکە بریندار و گیانیان لەدەستداوە، بەبێ لێپرسینەوە لە داگیرکاری تورکیا بەرامبەر بە پێشێلکارییەکانی.

 

ئەڤین ئیبراهیم ڕوونی کردەوە، لە ٢٣ی ئابدا، داگیرکاری تورکیا ئۆتۆمبێلێکی سەر بە کەناڵی ئاسمانی ژن تیڤیان کردە ئامانج کە خەباتکارەکانی میدیای تێدابوو، ئەمەش بووە هۆی گیان لەدەستدانی یەکێک لە کارمەندەکان و برینداربوونی یەکێکی دیکەیان، لەو بارەیەوە یەکێتی میدیای ئازاد بڕیاریدا لیژنەیەکی دۆزینەوەی ڕاستییەکان بە هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە ناوچەی جەزیرە پێکبهێنێت، بۆ لێکۆڵینەوە لە بە ئامانجکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کاردەکەن.

 

لیژنەکە کار لەسەر بە ئامانجکردنی ئۆتۆمبێلی ژن تیڤی دەکات کە ڕۆژنامەنووسانی تیادا بووە، پێشبینیش دەکرێت ڕێکخراو و پسپۆڕی دیکەش لە ناوخۆ و دەرەوەی سووریاوە بەشداری لە کارەکانی لیژنەکەدا بکەن بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتی و هاوکاری بە لێکۆڵینەوەکە، هاوکات کار دەکەن لەسەر لێکۆڵینەوە لە هەر تاوانێک و بە ئامانجکردنی ڕۆژنامەنووسان و ئازادی بیروڕا، تا ببێتە ئامرازێکی وردتر لە بەڵگەنامەکردنی تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا دژ بە ڕۆژنامەنووسان، بۆ دەستنیشانکردن و سزادانی تاوانباران.

 

ئەڤین ئیبراهیم لە کۆتاییدا وتی: دوای تەواوکردنی ڕاپۆرتەکە، ئەنجامەکانی دەنێردرێت بۆ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەندیدار بە ئازادی بیروڕا و ڕادەربڕین و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، تا ڕێوشوێنی یاسایی پێویست لەدژی ئەو کەسانەی دەستیان لە ڕووداوەکەدا هەیە، یان ئەو کەسانەی ڕاستەوخۆ بەرپرسیارن لەم تاوانە بگیرێتە بەر، ئەم لیژنەیە بەردەوام دەبێت لە ئاشکراکردنی ڕاستییەکانی هەموو ئەو هێرشانەی کە ڕۆژنامەنووسانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەنە ئامانج.