بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما هۆشداری بە هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەدرێت
شەپۆلێکی گەرما ڕوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و بە مەبەستی خۆپارێزی هاوڵاتیان ئاگادار دەکرێنەوە، بە تایبەتی لەو ناوچانەی عێراق کە پلەی گەرما دەگاتە سەروو ٥٠ پلەی سیلیزی.

ناوەندی هەواڵ
عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی ساڵانە لە وەرزی هاویندا شەپۆلی گەرمای توند ڕووی تێدەکات، لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوای جیهان بە گشتی، کاریگەری لەسەر زۆربەی وڵاتان هەبووە و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی زەوی، ئەمەش دۆخەکەی بۆ عێراق سەختتر کردووە.
دەستەی کەشناسی عێراق بڵاویکردەوە، لە ٦ی تەمموزەوە پلەی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە و ڕۆژانی شەممە و یەکشەممەی هەفتەی داهاتووش لە بەشێک لە پارێزگاکانی باشووری عێراق پلەکانی گەرما تا ٥٢ پلە بەرز دەبنەوە.
لە هەرێمی کوردستانیش، بەپێی بڵاوکراوەی کەشناسی شەپۆلێکی گەرما ڕوو لە ناوچەکە دەکات و لە هەندێ ناوچە بەتایبەت گەرمیان پلەى گەرما دەگاتە ٤٤ پلە.
بە مەبەستی خۆپارێزی داوا لە هاوڵاتییان دەکرێت، زۆر خۆیان نەخەنە بەر خۆر بەشێوەی ڕاستەوخۆ، لە ڕۆژدا خۆیان نەشۆن و مەلە نەکەن و لەکاتی چوونە بەر خۆریش چەتر یان هەرشتێکی دیکە بەکار بهێنن.