"یاسای پاکیزەیی و حیجاب کاردانەوەیەکە بەرامبەر بە ژن، ژیان، ئازادی"
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراوێک ئاماژەی بەوەکرد، "یاسای پاکیزەیی و حیجاب شەرمەزارکەرە"، هەراسانکردنی ئەو ژنانەی کە دوای ناڕەزایەتییەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" هەوڵیان دا بەرگری لە مافەکانیان بکەن توندتر دەکات.

ناوەندی هەواڵ
١٠ی کانوونی یەکەم، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراوێک ناڕەزایەتی بەرامبەر بە یاسای پاکیزەیی و حیجاب دەربڕی ڕایگەیاند: "بە پەسەندکردنی ئەم یاسایە، بەرەنگاربوونەوەی ئە یاسایە، سزای توندی وەک لەسێدارەدان، قامچی لێدان و زیندانی لەگەڵدا دەبێت، پەسەندکردنی ئەم یاسایە توندە، زیاتر مافی ژنان دەسڕێتەوە".
هەروەها ڕایگەیاندووە: "ئەم یاسایە کە ٧٤ ماددەی تێدایە و سزای لێدان و غەرامەی دارایی قورس و سزای توندی زیندانیکردن و قەدەغەکردنی سەفەر و سنووردارکردنی خوێندن و دامەزراندن بۆ ئەو ژنانەی کە دژی یاساکانی حیجابی زۆرملی حیجاب وەستانەوە کاریپێدەکرێت ".
ئەم ڕێکخراوە هەروەها ئاماژەی بەوە داوە: "ئەم یاسایە وێڕای سزادانی ئەو دامەزراوە تایبەتانەی کە جێبەجێکردنی یاسای حیجابی زۆرەملی پەیڕەو ناکەن، هاوکات پارێزبەندی بۆ بەرپرسان و ئەو کەسانە دابین دەکات کە بە توندوتیژی هێرش دەکەنە سەر ژنان، بەهۆی پابەندنەبوون بە یاساکەوە".
لەمبارەیەوە دینا تەهاوی، جێگری بەڕێوەبەری هەرێمی لێبوردنی نێودەوڵەتی بۆ ئۆفیسی ناوچەیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا ڕایگەیاند: دەسەڵاتداران هەوڵدەدەن سیستمی خنکێنەری چەوساندنەوەی ژنان بچەسپێنن، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نابێت بێدەنگ بێت، چونکە دەسەڵاتدارانی ئێران سەرکوتی زیاتر پەرە پێدەدەن و تەنانەت بۆ سەرکوتکردنی کەسانی دژی حیجابی زۆرەملی پەنا بۆ سزای لەسێدارەدان دەبەن. پێویستە فشار بخەنە سەر دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم یاسایە و هەڵوەشاندنەوەی حیجابی زۆرەملی لە یاسا و پراکتیکدا.
شایانی باسە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئەم یاسایە لە وەڵامی سەرپێچی ژنان لە دژی حیجابی زۆرەملی و ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" دەرچووە.