شاندی ڕۆژنامەنووسانی ئەوروپا لەگەڵ ژن تیڤی و بەشی سۆرانی ئاژانسی نوژنها کۆبوونەوە
لە درێژەی سەردانەکانیاندا، شاندی ڕۆژنامەنووسانی ئەوروپا، کە پێکدێن لە ڕۆژنامەنووسانی کورد و بیانی سەردانی نوسینگەی سلێمانی ژن تیڤی و بەشی سۆرانی نوژنهایان کرد.
سلێمانی
لە درێژەی سەردانەکانی شاندی ڕۆژنامەنووسانی ئەوروپا کە پێکدێن لە هەریەک لە ڕۆژنامەنووسان ئالیجە ماگار، ئێمما ئاودری، دلێر ئاکرێی، هەندرین فەرەج محەمەد، ژاڵان زیاعی و دەڤریم ئاڵپ، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سەردانی نوسینگەی سلێمانی ژن تیڤی و بەشی سۆرانی نوژنهایان کرد و باسیان لە ڕۆڵ و کاریگەری ژنانی ڕۆژنامەنووسی ئازاد کرد لە بواری ڕۆژنامەگەری کوردیدا.
لە گفتوگۆکاندا شاندی ڕۆژنامەنووسانی ئەوروپا باسیان لەوەکرد، کە بە درێژایی مێژووی ڕۆژنامەگەری، ژنانی ڕۆژنامەنووس ڕۆڵی کاریگەرییان لەسەر پرسە نەتەوایەتییەکان و بە تایبەت پرسی ژنان هەبووە، ژنانی وەک گوربەتلی ئارسۆز، نوژیان ئارهان، تا دەگاتە گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین، کە لە ٢٣ی ئابدا لە شاری سلێمانی لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیاوە کرانە ئامانج، جێگە دەستی خۆیان لە ڕۆژنامەگەری کوردی و هێڵی تێکۆشانی ئازادی داوە.
شاندەکە باسیان لە ئامانجی سەردانەکەیان بۆ باشووری کوردستان و دەزگا و ڕێکخراوە ڕۆژنامەنووسییەکان کرد، وتیان: ئامانجمان لە سەردانەکە دروستکردنی پردی پەیوەندی نێوان ڕۆژنامەنووسانی ئەوروپا و کوردستانە، تا بتوانین لە بواری ڕاگەیاندندا زیاتر ڕۆژنامەگەری کوردی بەرەوپێش ببەین، هەروەها بە هەوڵی هەموو لایەک بتوانین کەیسی ڕۆژنامەنووسان و بە تایبەت تیرۆرکردنی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین بە نێودەوڵەتی بکەین.
هەر لە درێژەی گفتوگۆکاندا باس لە دروستکردنی کۆمەڵەیەکی تایبەت بە ڕۆژنامەنووسان کرا، کە ڕۆژنامەنووسانی کورد بتوانن تیایدا بەشدار بن و دوور لە دەستوەردانی حزبی بواری ڕۆژنامەگەری بەرەوپێش ببەن.
تەوار عادل، لەسەر ناوی ژن تیڤی و ئاژانسی نوژنها قسەی کرد و ڕۆژی ڕۆژنامەگەری ژنی کورد، کە ٧ی تشرینی یەکەمە و هاوکاتی ساڵرۆژی گیان بەختکردنی ڕۆژنامەنووسی ئازاد گوربەتلی ئەرسۆزە، لە ژنانی ڕۆژنامەنووس پیرۆز کرد و باسی لە دۆخی باشووری کوردستان کرد، کە سەرەڕای ئەوەی هەرێمێکی سەربەخۆیە و بانگەشەی بوونی ئازادی تیایدا دەکەن، بەڵام لە ماوەی دوو ساڵدا شایەدی تیرۆرکردنی سێ ڕۆژنامەنووسی ئازاد بوو، کە هەریەک لە ناگیهان ئاکارسەل، گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین بوون.
تەوار عادل وتیشی: لەسەر ڕێبازی ڕۆژنامەنووسانی ڕێگای حەقیقەت میدیای تایبەتمەند بە ژن کار لەسەر پرسەکانی ژن دەکات و لە بەرامبەر ئەو ئەقڵیەتە پیاوسالارییەی کۆمەڵگە و بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسانی ژن لە کوردستان و جیهاندا، هەمیشە لە کار و خەباتدا دەبن و دەبنە دەنگی ڕاستییەکان و ئاشکرا کردنی هێرش و داگیرکاری و چەوساندنەوەکانی ژنان.
هەر ئەمڕۆ شاندەکە لەگەڵ ئاژانسی ڕۆژنیوز کۆبوونەوە و باسیان لەوەکرد، "پێویستە دۆسییەی شەهیدان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین بە نێودەوڵەتیی بکرێت و بۆ ئەم مەبەستە هەموومان پێکەوە کاری گرنگ و جددیمان دەکەوێتە پێش، کە هەوڵبدەین ئەو کردەوەیە بکەینە دیکۆمێنت و دواتر لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا کاریان لەسەر بکەین".
بڕیارە ئەمڕۆ شاندەکە سەردانی بنەماڵەی هێرۆ بەهادین بکەن و دواتر بچنە سەر مەزاری هێرۆ بەهادین.