"بە پێی یاسا چالاکییەکانی پەیوەندیدار به زمانی کوردی تاوان نییه"

لەلایەن تۆڕی کۆمیسیۆنی زمانی کوردیی فەرمانگەکانەوە ڕاگەیەندراوێک بڵاوکرایەوە و تیایدا هاتووە، "ئەو کەسانەی لەم هێرشانەدا دەستگیرکراون، خەڵکی مەدەنین کە ئارەزوومەندی خزمەتن لە بواری زمانی کوردیدا".

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٢٤ـی ئەیلوولدا، پۆلیسی دەوڵەتی تورک لە شاری ئامەد ئۆپەراسیۆنێکی دژی کۆمەڵگەی توێژینەوەی زمان و کولتووری میزۆپۆتامیا- مەد دەر، پایز پەرتوک، و کۆمەڵەی پەروەردەی کولتوور و زمانی ئانکا ئەنجامدا و ٣٠ کەس دەستگیرکران.

 

نووسینگەکانی کۆمەڵەی زمان لە شارەکانی ئامەد، ئاگری، ئێلح، مێردین، ڕوحا، شڕناخ و وان لە دژی هێرشەکانی دەستگیرکردن ناڕەزایەتییان دەربڕی و لەلایەن تۆڕی کۆمیسیۆنی زمانی کوردیی فەرمانگەکانەوە ڕاگەیەندراوێک بڵاوکرایەوە و تیایدا هاتووە، "ئەو کەسانەی لەم هێرشانەدا دەستگیرکراون، خەڵکی مەدەنین کە ئارەزوومەندی خزمەتن لە بواری زمانی کوردیدا، هێرشکردنە سەر دامودەزگاکان و دەستگیرکردنی ئەو کەسانە دژی چالاکی زمانی کوردییە، هەروەها ئەمەش هاوتەریب لەگەڵ تاوانبارکردنی زمانی کوردی گەلەکەمان لە چالاکییەکانی زمانی کوردی دوور دەخاتەوە".

 

ئاماژەیان بەوەشدا، هەرچەندە لە تورکیا لە ڕووی تیۆریەوە زمانی کوردی قەدەغە نییە، بەڵام بەکارهێنانی لە دامەزراوە گشتییەکان قەدەغەیە. وەک دەبینین بڕیاری نایاسایی دەدرێت و ڕێگری لە بەکارهێنانی زمانی کوردی دەکرێت، بەم شێوەیە بەشێک لە کارەکانی ڕێکخراوە حکومییەکان، بە ئامانجی دوورخستنەوەی چالاکییەکانی زمانی کوردییە، جێی ئاماژەیه بە پێی یاسا چالاکییەکانی پەیوەندیدار به زمانی کوردی تاوان نییه، مافی هەموو کوردێکه له هەر بوارێکدا بژی و ئەم زمانه بپارێزێت، ئێمە ئەم مافە لە هەموو شوێنێک دەپارێزین، دەستبەسەرکردن، قەدەغە و هەڕەشە لە چالاکییەکانی زمانی کوردی لەوانە فێربوون و فێرکردنی زمانی کوردی نایاساییە.

 

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "وەک تۆڕی کۆمیسیۆنی زمانی کوردی سەر بە نووسینگەکانی دامەزراوەی زمانی هەرێم، گرنگی فرە کەلتووری بەبیری دەسەڵاتداران دەهێنینەوە کە دەستگیرکردن و هەڵکوتانە سەر ماڵی چالاکوانانی زمانی کوردی نایاساییە و دەبێت دەستبەجێ چالاکوانانی زمانی کوردی ئازاد بکرێن".