"دادگا گرنگی بە قسەی تاوانبار دەدات و ئازادیان دەکات"

پارێزەر شیرڤان یاقوت ڕایگەیاند کە تانە لە بڕیاری ئازادکردنی ئەحمەد بیتگین دەدات کە هەوڵی کوشتنی دیلەک بیتگینی داوە و سزای ٧ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە. ئاماژەی بەوەشکرد، دادگا گرنگی بە قسەی تاوانباران داوە و سیاسەتی بێ سزایی قبوڵکراو نییە.

مەدینە مامەدئۆغلو

 

ئامەد - دیلەک بیتگین کە لە ناوچەی بیسمیلەی ئامەد دەژی، لەلایەن ئەحمەد بیتگینی هاوژینییەوە ڕووبەڕووی توندوتیژیی سیستماتیکی بووە. ئەحمەد بیتگین لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢١ هەوڵیدا بە دەمانچە بیکوژێت و دیلەک بیتگین لە مردن ڕزگاری بوو، دوای ڕووداوەکە سکاڵای دژ بە ئەحمەد بیتگین تۆمار کرد.

 

پرۆسەی دۆسیەکە بە نادڵنیایی بەڕێوەدەچێت، ئەحمەد بیتگین هەمیشە ئەو هێرشەی ڕەتدەکردەوە، سزای ٧ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا و دواتر ئازاد کرا، لەو بارەیەوە  پارێزەر شیرڤان یاقوت هەڵسەنگاندنی بۆ پرۆسەکە کرد و وتی: بڕیارەکە یاسایی نییە، سیاسەتەکانی بێ سزایی قبوڵ ناکرێت.

 

ئەحمەد بیتگین کە دوای هێرشەکە دەستگیرکراوە و بە تاوانی ''هەوڵدانی کوشتنی بە ئەنقەست'' دادگایی کرا، ڕایگەیاند کە دیلەک بیتگین ''خۆی کوشتووە''، لەو ڕاپۆرتەدا کە لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانەوە ئامادەکراوە، نیگەرانی لە بەرکەوتنی فیشەکەکە و جێهێشتنی تەرمەکە خرایە ڕوو، لە دوایین دانیشتنی دادگای تاوانە قورسەکانی ئامەد سەرنج بۆ ناکۆکییەکانی نێوان ڕاپۆرتەکان ڕاکێشرا.

 

"بڕیارەکەی دادگا مشتومڕی دروستکرد"

پارێزەر شیرڤان یاقوت ئاماژەی بەوەدا کە لە یەکەم ڕۆژی ڕووداوەکەوە دەیانەوێت وەک خۆکوشتن لە قەڵەمی بدەن، بڕیارەکەی دادگا سیاسەتی بێ سزاییە و جارێکی دیکە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، "مەحاڵە لەوە تێبگەین کە تاوانبار لە حاڵەتێکی لەو شێوەیەدا بە تاوانێکی سادە سزا بدرێت، ڕووداوەکە خۆکوشتن نییە، هەوڵی کوشتنە. تۆمەتبارکردنەکە ئامادەکرابوو بۆ سزادانی تاوانبارەکە بە ''هەوڵدان بۆ کوشتن"، بەڵام دادگا بە بڕیارەکەی نیشانی دا کە گرنگی بە ڕاپۆرتەکەی پزیشکی داد نادات و جیاوازی لێرەشدا ئەوەیە ئەوانەی تاوانکارییان ئەنجامداوە بە مەبەستی بریندارکردن بەرگریان لە خۆیان کردووە. بەو سزایەی کە دەدرێت، دادگا ڕووبەڕووی مشتومڕ دەکاتەوە.

 

"تۆمەتبار لە هەموو دانیشتنێکدا فرمێسکی بەکارهێنا و بیانووی منداڵەکەی دەهێنایەوە"

شیرڤان یاقوت ڕایگەیاند کە هەوڵ دراوە بە قسەی سۆزداری و ڕەتکردنەوەی کارەکان پرۆسەکە ئەنجام بدرێت و وتی: بەرگری تۆمەتبار لەم پرۆسەیەدا ئینکارییەکی تەواو بووە، جارێکی تر زۆر ڕوون بووەوە کە منداڵەکە لەلایەن خێزانەکەوە بۆ ئامناجەکانی خۆیان بەکاردەهێنرێت، لە کاتی دانیشتنەکاندا تۆمەتبار هەمیشە بە گریانەوە دەیگوت کەس ئاگاداری منداڵەکانیان نابێت، هەروەها دادگا گرنگی بەو قسانە داوە، بارودۆخی ژیانی دیلەک کرایە بیانوو و تۆمەتبار بە قسەکانی گەیشتە ئامانجەکەی و ئازاد کرا.

 

"ئەگەر دیلەک مردبا، هەرگیز ئەم دۆسیەیە نەدەکرایەوە"

لە کۆتاییدا شیرڤان یاقوت سەرنجی بۆ سیاسەتی بێ سزایی ڕاکێشا کە لەم کەیسانەدا جێبەجێ کراون و وتی: مانەوەی دیلەک دوای ئەو هێرشە موعجیزەیە، ئەگەر دیلەک ئەمڕۆ ژیانی لەدەستدابا، ئەم دۆسیەیە نەدەکرایەوە و بە گووتنی کە "خۆکۆشتنە" دۆسیەکەیان دادەخست، دیلەک لە هەموو دانیشتنێکدا بەشدارە و قسە دەکات، هەرچەندە لە هەموو دانیشتنێکدا ئەمە دەکات و درێژە بە ژیانی خۆی دەدات، بەڵام سیاسەتەکانی بێ سزایی قبوڵکراو نین، ژیانی دیلەک هێشتا سەلامەت نییە، چونکە لەم پرۆسەیەدا ڕووبەڕووی هەڕەشەی زۆر بووەتەوە، ئەم سیاسەتی بێ سزادانە دەبێتە هۆی زیادبوونی توندوتیژی و کوشتن.