ساکینە پەروانە بۆ یادی شەهیدانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" مانی لە خواردن گرت

ساکینە پەروانە، زیندانی سیاسی کورد و زیندانیکراوی زیندانی ئەڤین پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە بە یادی عەلی موزەفەری و ژینا ئەمینی و سەرجەم قوربانیانی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" بۆ ماوەی دوو ڕۆژ مانگرتن لە خواردن ڕادەگەیەنێت

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی هەینی ١٣ ئەیلوول، ساکینە پەروانە، زیندانی سیاسی کورد و زیندانیکراوی زیندانی ئەڤین، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک ڕایگەیاند کە لەگەڵ بنەماڵەی قوربانیانی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"، ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ١٤ و ١٥ی ئەیلوول دەست بە مانگرتن لە خواردن دەکات.

 

لە دەقی پەیامەکەی ساکینە پەروانەدا، کە لە هەژماری بەکارهێنەری گۆڵروخ ئیرایی زیندانی سیاسی زیندانیکراوی زیندانی ئەڤین و هاوژووری ئەم زیندانییە سیاسییە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: عەلی موزەفەری وەرزشوان و ئەندامی تیپی بالەی گەنجانی سایپا بووە، لە ٣١ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا بە سێ فیشەکی ئەفسەرانی ڕژێمی ئیسلامی لە قوچان کۆچی دوایی کرد، ئەو بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە کوشتنی ژینا ئەمینی چووە سەر شەقام و هەرگیز نەگەڕاوەتەوە ماڵەوە، دوای هەفتەیەک لە کوژرانی عەلی، تەرمی بێ گیانەکەی لە بەرامبەر وەرگرتنی پارەی فیشەکەکان ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا".

 

هەر لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە، "ئێستا بۆ هاوسۆزی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانیان، بە یادی عەلی و ژینا و سەدان شەهیدی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"، لە ڕۆژانی شەممە ١٤ی ئەیلول و یەکشەممە ١٥ی ئەیلوولی ١٢٠٢٤، مانگرتن لە خواردن ڕادەگەیەنم".