لە کەرتی غەززە دوو ڕۆژنامەنووس و منداڵەکەیان کوژران
دوای کوژرانی دوو ڕۆژنامەنووسی دیکە، ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی فەلەستینی لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی کەرتی غەززەوە بۆ ١٥٨ ڕۆژنامەنووس بەرزبووەوە.

ناوەندی هەواڵ
لە ٢٧٤ەمین ڕۆژی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، بۆردوومان بۆ سەر نوسیرات و بورەج و کامپی دێر ئەلبەلا لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە بەردەوامە و دەیان هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٠هەزار کەسیش بێسەروشوێنن.
بۆردوومانەکەی سەر کامپی نوسیرات لە کەرتی غەززە، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە دەستی پێکرد و بە هۆیەوە، ڕۆژنامەنووس وەفا ئەبو دەبان و هاوسەرەکەی و ڕۆژنامەنووس ئەمجەد جەحجوو و منداڵەکەیان گیانیان لەدەستدا.
بەم شێوەیە ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسە فەلەستینییانەی لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە، گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە ١٥٨ ڕۆژنامەنووس.
دوێنێش دوو ڕۆژنامەنووسی فەلەستینی بە ناوەکانی سەعدی مەدوخ و ئەحمەد سوکار لە ئەنجامی هەڵمەتێکی ئیسرائیلی کە ماڵێکی بنەماڵەی مەدوخی لە گەڕەکی ئەلدەراج لە شاری غەززە کردە ئامانج، گیانیان لەدەستدا.