لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ٦٣ هەزار حاڵەتی کۆلێرا لە یەمەن تۆمار کراوە

ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنووری نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە ٦٣ هەزار حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی کۆلێرا لە ٢٠ شاری یەمەن تۆمار کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

پزیشکانی بێ سنوور ڕایانگەیاند، لە کۆی ٢٢ شاری یەمەن، لە ٢٠ شاردا حاڵەتی سکچوونی توند تۆمار کراوە، لە ٨ شاریشدا دەستکراوە بە ڕێکارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیەکە.

 

پزیشکانی بێ سنوور دوێنێ، ئاماژەیان بەوە کرد لە سەرەتای ئەمساڵی ٢٠٢٤ەوە تا ٣١ی ئایار زیاتر لە ٦٣ هەزار حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتدا تۆمارکراوە، هەروەها ئاماژەیان بەوەکرد، سەرەڕای بوونی توانایەکی کەم لە پشکنین، زیاتر لە ٢٧٠٠ لەو حاڵەتانەی لە تاقیگەدا پشکنینیان بۆ کراوە دەرکەوتووە کە تووشی کۆلێرا بوون.

 

ڕۆژی ١٢ی ئایار، نووسینگەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی'OCHA' ڕایگەیاند، ڕۆژانە نزیکەی هەزار حاڵەتی کۆلێرا لە یەمەن تۆمار دەکرێت.

 

لە ئەنجامی ئەو ململانێیەی کە نزیکەی ١٠ ساڵە بەردەوامە، کەرتی تەندروستی لە یەمەن بەدەست کەمیی کەرەستەی پزیشکی و نەبوونی دەرمان دەناڵێنێت، ئەمەش بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتا و نەخۆشی.