یونیسێف: ٩٠٪ی منداڵانی غەززە خۆراکیان دەستناکەوێت

یونسێف ئاشکرای کرد، ٩٠٪ی منداڵانی غەززە ناتوانن خۆراكى پێویست بەدەستبهێنن و بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوامە، نزیكەى ١٢٠هەزار كەس زیاسنیان بەرکەوتووەو بە هەزارانی دیكەش ئاوارە بوون.

 

سندوقی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ منداڵان "یونیسێف" لە بارەی خراپی دۆخی غەززە و نەبوونی خۆراکى پێویست بۆ منداڵان ڕاپۆرتێكی بڵاو كردەوەو تیایدا هاتووە: بەهۆى ئەوەى چەندین مانگە شەڕ بەردەوامی هەیە بووەتە هۆکار بۆ سنوورداركردنی یارمەتییە مرۆییەكان و داڕمانی سیستمی خۆراك و تەندرووستی، كە لێكەوتەی كارەساتباری بۆ منداڵان بەدواى خۆیدا هێناوە.

 

ئاماژە بەوەشكراوە، بەپێی ئامارەكاندەركەوتووە لە ٩٠٪ منداڵانی غەززە واتە لە كۆی ١٠ منداڵ ٩ منداڵیان ناتوانن خۆراكی پێویست بەدەستبهێنن، ئەمە بەڵگەیە لەسەر كاریگەرییە ترسناكەكانی ململانێ و سنوورداركردنى یارمەتییە مرۆییەكان.

 

لە كۆتایی ڕاپۆرتەكەی یونیسێفدا هاتووە، لە ٢٥٪ی منداڵان لەسەر ئاستی جیهان لە سەرەتای منداڵییەوە بەدەست کەمى خۆراكەوە دەناڵێنن، كە ڕێژەکەیان دەگاتە ١٨١ ملیۆن منداڵ، کە تەمەنیان لە خوار ٥ ساڵە.