لە ڕۆژی جیهانیی ژینگەدا جەخت لەسەر پاراستنی ژینگە دەکرێتەوە
لە هۆڵی سەنتەری توێژینەوە لە زانکۆی سلێمانی بە دروشمی "بوژانەوەی زەوی، بە بیابان بوون، خۆڕاگری و وشکەساڵی" ڕۆژی جیهانیی ژینگە بەرز ڕاگیرا.
سلێمانی
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژینگەوە لە هۆڵی سەنتەری توێژینەوە لە زانکۆی سلێمانی، کۆمەڵەی کوردستانی سەوز و سەنتەری توێژینەوەی زانستی و بە بەشداریکردنی چەندین مامۆستای زانکۆ و ژینگەدۆستان، پانێڵێک لە بارەی زیانەکانی ژینگە و هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە ڕێکخرا.
لە پانێڵەکەدا هەریەک لە دکتۆر ڕۆژان فەرەیدون، پسپۆڕی ژینگەیی، مامۆستا ڕاژان عومەر عەلی، پسپۆڕی ژینگە و کیمیایی خاک و حسێن حەمە کەریم، شارەزا لە بواری کوشتوکاڵ و دارستان، بابەتیان پێشكەشکرد.
لە پانێڵەکەدا ئاماژەیان بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەبارەی بەڕێوەبردنی ژینگە و بوژاندنەوەی زەوی ناوچەکە و کاریگەری سووتان و لەناوچوونی دارستان خرایەڕوو، هاوکات جەختکردنەوە کەمکردنەوەی ئەم دیاردەیە و بەستنەوەی بە ئامانجی بوژاندنەوەی زەوی پێویستی لە پێشینە هۆشیاری گشتییە.
لە پانێڵەکدا باس لە ئامانجی کار و چالاکییەکانی ئەمساڵی ناوەندەکە کرا، کە بۆ ئەمساڵ دروشمی "بوژانەوەی زەوی، بە بیابان بوون، خۆڕاگری و وشکەساڵی" دانراوە تا وەک کوردستان کاربکەن بۆ پاراستنی ژینگە و زەوی.
شادان ئەبوبەکر، سەرۆکی کۆمەڵەی کوردستانێکی سەوز، ئاماژەی بەوەکرد، لە ڕۆژی جیهانیی ژینگەدا پیرۆزبای خۆی ئاڕاستەی تەواوی ژینگە دۆستان کرد و وتی: پیرۆزبای لە تەواوی ژینگەدۆستان دەکەم و هیوادارم هەموو ڕۆژێک گرنگی بدەین بە ژینگەی شارەکەمان، هەروەها چالاکیەکانمان تەنها پانێڵێک نەبوو، وەک کۆمەڵەی کوردستانیکی سەوز لە پارکی هەواری شار چەندین نەمامی سنەوبەرمان چاند و سەبەتەی خۆراکمان دابین کرد بۆ کرێکارانی باخچەکە، هەروەها پێشکەشکردنی ئەم پانێڵە بەهاوکاری زانکۆی سلێمانی ئەنجامدرا.
ئاماژەی بەوەشدا، ئامانجیان لە کردنی ئەم چالاکیانە ئاماژەیە بۆ نەوەستاندنیان و بەردەوامیان لە خزمەتکردنی ژینگە، "لە پانێڵەدا دەمانەوێت بڵێین بەردەوامین لە خزمەتکردنی ژینگەی شارەکەمان و پەیامێک بگەیەنینە دەسەڵات بۆ بەردەوامی و هاوکاریکردنیان لە بەرەوپێشبردنی ژینگەدا، هەروەها ڕێگریکردن لەو پێشێلکاریانەی لە لایەن مرۆڤەوە بەرامبەر ژینگەی کوردستان دەبێتەوە.
لە کۆتایدا پەیامی بۆ تەواوی هاوڵاتیان نارد و وتی: هەموومان با ژینگەدۆست بین بە کردار ژینگە بپارێزین، نەک تەنها بڵێین ئێمە ژینگە دەپارێزین، ئەگەر هەموومان هاوکار نەبین کارەساتێکی گەورە ڕوبەڕووی مرۆڤایەتی و ژینگە دەبێتەوە.
لە کۆتایی پانێڵەکەدا بەشداربووان و پانێڵیستان بیروڕاکانیان دەربارەی ژینگە گۆڕیەوە.