شارەوانی مەخموور: بە ئیرادە و تێکۆشان هەموو سیاسەتەکان شکست دەهێنن
شارەوانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخموور" بە ڕاگەیەندراوێک کاردانەوەی بەرامبەر بە دانانی قەیوم لە شارەوانی جۆلەمێرگ دەربڕی و ڕایگەیاند، بە ئیرادە و تێکۆشان هەموو سیاسەتەکان تێکدەشکێن و ئیرادەی گەل سەردەکەوێت.
مەخموور
کاردانەوەکان بەرامبەر بە دەستبەسەرکردنی محەمەد سدیق ئاکیش، هاوسەرۆکی شارەوانی جۆلەمێرگ لە ٣ی حوزەیران و دانانی قەیوم بۆ شارەوانی بەردەوامە، شارەوانی کامپی پەنابەرانی مەخموور سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی هاوسەرۆکی شارەوانی جۆلەمێرگ و دانانی قەیوم لە بەیاننامەکەیدا کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیای بەپێچەوانەی ئیرادەی گەل شەرمەزار کرد، بەیاننامەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە گیانفیدایانی ئازادیی لە شارەوانی کامپەکە دەستیپێکرد.
دوای ڕێزلێنان، ژیان پوسات، ئەندامی شارەوانی مەخموور، بەیاننامەکەی خوێندەوە.
"تورکیا گەڕاوەتەوە بۆ زیندانێکی کراوە"
لە سەرەتای بەیاننامەکەدا هاتووە: وەک دەزانرێت حکومەتی فاشیستی ئاکەپە و مەهەپە لە ڕێگەی دەرەوەی یاساوە سیاسەتی فشار، چەوساندنەوە، پاشخستن لەسەر گەلانی تورکیا، خەڵکی ئازادیخواز و بەتایبەت گەلی نیشتمانپەروەری کورد جێبەجێ دەکات،. لە لایەک بە سیاسەتی شەڕ و داگیرکاری کۆماری تورکیا و GELY تورکیا کەوتوونەتە ناو قەیرانی ئابوورییەوە، لە لایەکی دیکەوە دەوڵەتیان گەڕاندووەتەوە بۆ دۆخی مافیا و چەتەکان، ئەوان زیندانەکانیان پڕکردووە لە ئازادیخوازان و دیموکراتیکەکان، یاسای نیشتمانی و نێودەوڵەتییان پێشێل کردووە و تورکیایان گەڕاندووەتەوە بۆ زیندانێکی کراوە.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، لە هەر چوار پارچەی کوردستان، هەروەها لە هەموو شوێنێک کە کورد هەیە، سیاسەتێکی دوژمنکارانە لە دژی کورد بەڕێوەدەبات، لە ناوخۆدا گۆشەگیریی توند لەسەر ڕێبەر ئەنجام دەدات، سیاسەتی ئەشکەنجەدان لە زیندانەکانی باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەدەبات، بە دۆسیەی وەک دۆسیەی کۆبانی، بەرپرسانی هەڵبژێردراوی گەلی کورد سزا دەدات و تیرۆریان لەسەر جێبەجێ دەکات، لەدەرەوە، دژی ڕۆژئاوای کوردستان، دژی یاسا نێودەوڵەتییەکان هێرش دەکات، چەکی قەدەغەکراو لە دژی ناوچەکانی پاراستنی مەدیا بەکاردەهێنن و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دوژمنایەتی خۆیان بەرامبەر بە کورد بەرز دەکەنەوە بۆ ئاستێکی بەرزتر.
"حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە دەیەوێت ئیرادەی گەلی ئازادیخواز تێکبشکێنێت"
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، دوای شکستی هەڵبژاردنی ٣١ی ئادار، ئەم شکست و گرژییە بۆ حکومەتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە گەیشتە لوتکە، ئەم ڕق و کینەی دۆڕان، بەرامبەر بە گەلی کورد، تێکۆشانی ئازادی و بازنەکانی دیموکراتیک و ئۆپۆزسیۆن چووە ناو هەوڵی شەڕانگێزی و ڕەگەزپەرستی، لە سەرەتادا ویستی هێرش بکاتە سەر ئیرادەی گەل و سەرکەوتنی خەباتی ئازادیخوازی لە وان، کاتێک بە بەرخۆدانی گەل و بازنەکانی دیموکراتیک شکستی هێنا، بەیانی زوو ٣ی حوزەیران بە دەستبەسەرکردنی هاوسەرۆکی شارەوانی جۆلەمێرگ وداگیرکردنی شارەوانی هەوڵیدا هێرش بکاتە سەر ئیرادەی گەلی ئازادیخواز، بە بیانووی بێ بنەما هێرشیان کردە سەر شارەوانی جۆلەمێرگ و هاوسەرۆک و ١٦ ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانییان دوورخستەوە و چەتەی تایبەت بە خۆیان لە شوێنیان دانا.
"هەرگیز ئەم هێرشە بۆ سەر دیموکراسی قبوڵ ناکەین
" لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە: وەک هاوسەرۆکانی شارەوانیی کامپی شەهید ڕۆستەم جودی، بەناوی ئەنجومەنی شارەوانیمانەوە، سەرجەم فەرمانبەرانی شارەوانی و گەلی ئاوارەی مەخموور، ئەم هێرشە دوژمنکارانەیە شەرمەزار دەکەین لەسەر ئیرادەی گەل، دەستگیرکردنی بەڕێز محەمەد سدیق ئاکیش، هاوسەرۆکی شارەوانی جۆلەمێرگ و دانانی قەیوم بە توندی شەرمەزار دەکەین، ئەم بڕیارە تۆڵەی شکستە، تۆڵەی بێدەسەڵاتی و سەرلێشێواوی و لەدەستدانە، هەرگیز ئەم لێدانە لە ئیرادەی هەڵبژاردنەکان، لە دیموکراسی قبوڵ ناکەین و لەگەڵ گەلی جۆلەمێرگ و هاوسەرۆکانی شارەوانی دەم پارتی دەبین.
"ئیرادەی گەل سەردەکەوێت"
لە کۆتایی ئاماژەی بەوەکردوە، داوا لە هەموو گەلی کورد و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و گەلی ئازادیخواز و دۆستانی کورد دەکەن کە دەستی یەکبگرن و بە عەقڵییەتی قەیوم بلێن ئیتر بەسە، ئەمڕۆ بەرامبەر دەرم پارتییە، سبەی هەمان سیاسەت بەرامبەر هەموو ڕەنگ و دەنگە جیاوازەکان جێبەجێ دەکرێت، بە دڵنیاییەوە بە ئیرادە و تێکۆشان هەموو سیاسەتەکان شکست دەهێنن و ئیرادەی گەل سەردەکەوێت.
بەیاننامەکە بە دروشم کۆتایی هات.