کۆنفرانسێک بە دروشمی "دووبارە نووسینەوەی مێژووی ژیان و شارستانیەت" بەڕێوەچوو

لە زانکۆی سلیمانی، بەسەرپەرشتی مامۆستایان و خوێندکارانی بەشی شوێنەوارناسی زانکۆی سلێمانی، ئەنجامە بەراییەکانی کنە و پشکنینەکانی پڕۆژەی شوێنەواری دێکۆن ڕاگەیەندرا.

سلێمانی

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی کۆنگرێس لە زانکۆی سلێمانی لە شاری سلێمانی ئەنجامە بەراییەکانی کنە و پشکنینە زانستیەکانی بەشی شوێنەواری کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلیمانی لە پڕۆژەی شوێنەواری دێکۆن، بە دروشمی "دووبارە نووسینەوەی مێژووی ژیان و شارستانی لە شاری سلێمانی" بە سەرپەرشتی مامۆستایان و  خوێندکاران ڕاگەیەندرا و چەندین خەڵاتی ڕێزلێنان بە مامۆستا و سەرپەرشتیارانی توێژینەوەکە بەخشرا.

 

لە کۆنفڕانسەکەدا ئەوە خرایەڕوو، خوێندکاران و تیمی لێکۆڵینەوە لە شوێنەواری دێکۆن لە شوێنی ئێستای گەڕەکی قلیاساندا بە هاوکاری تیمەکانی شوێنەوارناسی و خوێندکاران و مامۆستایان شارێکی سەردەمیی پاشایەتیان دۆزیوەتەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٣ هەزار و ٤٠٠ ساڵ و نووسینی مێخی (ئەو شورایە هەر ڕوناک و ئاوەدان بێت) و دوو ناوی کوردی کۆنیش دۆزراونەتەوە کە "داسی و بانو" بوون، چەندین کەلوپەلی دیکەش دۆزراونەتەوە، لەوانە؛ چەندین بۆری سەردەمی پاشایەتی و دۆزینەوەی خواوەند بانوو کە تا ئێستا بۆیان پشتڕاست نەبووەتەوە چ خواوەندێکە، هەروەها دۆزینەوەی چەندین کەلوپەلی ڕۆژانەی سەردەمی پاشا.

 

کنە و پشکنینەکە بەرهەمی ٨ ساڵ ماندووبونی تەواوی ستافی بەشی شوێنەواری زانکۆی سلێمانییە کە شوێنەوارێکی گرنگ هاوتایە بە دۆزینەوە گرنگەکانی شانەدەرە، هەروەها لە چەندین گرتە ڤیدۆیدا کار و چالاکیەکانیانی مامۆستایان و خوێندکارانیان خستەڕوو.

 

پاڤێ جەمیل، مامۆستای زانکۆ باسی لە گرنگی پڕۆژەکەی کرد و وتی: بە هەبوونی ئەو شوێنەوارانەوە دیسانەوە ژیان بنیاد دەنێینەوە، هەروەها هەبوونی ئەم مێژووانە بۆ دووبارە بنیادنانەوەی مێژوویەکی دیکەی کورد جێگای شانازییە.

 

لە کۆتاییدا، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم دۆزینەوەیە هەوڵێکە لە ڕێگەی بنیادنانەوەی مێژووی کورد و خوێندنەوەیەکی تازەە هەم بۆ شاری سلێمانی و هەم بۆ نەتەوەکەمان، کە وەک یەکێک لە کۆنترین نەتەوەکانە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.

 

"ئەگەر ئاوڕ لە شوێنەوارناسان و خوێندکاران بدەنەوە پێویستمان بە شوێنەوار ناسی بیانی نابێت"

شەن کاروان، خویندکاری قۆناغی چوار لە بەشی شوێنەوار لە کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان، ئاماژەی بەوەکرد، هەبوونی ئەم کۆنفرانسانە زۆر گرنگە بۆ دۆزینەوەی شوێنەوارە مێژوویەکانی کورد و هەوڵدان بۆیان، دەشڵێت: هەبوونی شوێنەوارناسی بۆ کورد و هەڵکەوتەی جوگرافیمان گرنگە کە کەلوپەلی شوێنەواریمان کەسانی بیانی نەیبەن و مۆرکی خۆیانی لێ نەدەن، هەبوونی ئەم لێکۆڵینەوانە دەبێت هۆی مانەوەی شوێنەوارەکانی کورد.

 

ئەو خوێندکارەی بەشی شوێنەوار ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو شوێنەوارناسە بیانیانەی لە هەرێمی کوردستاندان هەڵدەستن بە دۆزینەوەی مۆرکی کورد و دەیبەنە وڵاتی خۆیان و مۆرکی کوردی پێوە ناهێڵن، وتیشی: پێویستە ئێمە بۆ هێشتنەوەی مۆرکی کورد و مانەوەی کەلوپەلەکان مۆرکی کوردبوونی خۆمانی لێ بدرێت، نەک تیمێکی بیانی هەڵستن بە هەڵگرتنەوە و هێشتنەوەی مۆرکی بیانی لەسەر شوێنەواری کورد، هەروەها ئەگەر ئاوڕ لە خوێندکاران و شوێنەوارناسانی کورد بدرێتەوە، ئێمەش دەتوانین مۆرکی خۆمان لە کەلوپەلە کۆنەکانی خۆمان بدەین و مۆرکی خۆمانی پێوە بهێڵینەوە.