هونەرمەندی کورد ئەمەل چیفتچی بێتاوان دەرچوو
هونەرمەند ئەمەل چیفتچی کە بە تۆمەتی "ئەندامێتی ڕێکخراو" و "بەڕێوەبردنی ڕێکخراو" دادگایی کرابوو، لە دۆسیەکەی بێتاوان دەرچوو.
ناوەندی هەواڵ
داواکاری گشتی ئەنقەرە بە پشتبەستن بە لێدوانەکانی شایەتحاڵی نهێنی "ئولاش"، بە تۆمەتی "ئەندامێتی ڕێکخراو" و "بەڕێوەبردنی ڕێکخراو"، دۆسیەیەکی لە دژی هونەرمەند ئەمەل چیفتچی تۆمارکرد، دانیشتنی دۆسیەی چیفتچی لە دادگای چوارەمی تاوانە قورسەکانی ئامەد بەڕێوەچوو.
ئەمەل چیفتچی بەهۆی کێشەی تەندروستییەوە نەیتوانی بەشداری دانیشتنەکە بکات، بەڵام پارێزەرەکەی شێرزان یەلبۆگا ئامادەی دانیشتنەکە بوو.
داواکاری گشتی بە خستنەڕووی بۆچوونی خۆی، سەرنجی بۆ ئیفادەی شایەتحاڵی نهێنی ڕاکێشا و باسی لەوەکرد، کە تۆمەتەکانی سەر ئەمەل چیفتچی گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، داواکاری گشتی داوای کردووە کە ئەمەل چیفتچی بە تۆمەتی "بەڕێوەبردنی ڕێکخراوەکە" سزا بدرێت و هیچ داواکارییەکی بۆ تۆمەتی "ئەندامێتی ڕێکخراوەکە" نەکردووە.
بێتاوان دەرچوو
پارێزەر شێرزان یەلبۆگا لە بەرگریکردن لە ئەمەل چیفتچیدا ڕایگەیاند، جگە لە ئیفادەی شایەتحاڵی نهێنی هیچ بەڵگەیەک لە دۆسیەکەدا نییە، شێرزان یەلبۆگا بڕیاری دادگای باڵای وەبیرهێنایەوە کە "تەنها لەسەر ئیفادەی شایەتحاڵی نهێنی ناتوانرێت حوکم بدرێت" و ویستویەتی ئەو هونەرمەندە بێتاوان بکات.
دادگا هەردوو تۆمەتبارەکەی بێتاوانی دەرکرد.