"دەسەڵاتداران بۆ بەرژەوەندی خۆیان کۆمەڵگە دەخەنە مەترسییەوە"

تەڤگەری ئازادی ڕایگەیاند، "سەرەڕای تەشەنەسەندنی بەردەوامی توندوتیژی خێزانی و کوشتنی ژنان و کۆچی بەردەوامی گەنجان، دەسەڵاتداران ئامادەن لەپێناو بەرژەوەندیە ئابووری و دەسڵاتداریەکانیان ھەموو بەرژەوەندیەکی گشتی-نیشتیمانی و نەتەوەیی بخەنە مەترسیەوە".

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە بارەگای تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان لە شاری سلێمانی، تەڤگەری ئازادی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی سەبارەت بە دۆخی باشووری کوردستان و عێراق بەست و ئاماژەی بەوەدا، "ھەرێمی کوردستان لەئێستادا بەھۆی ملھوڕیی سیاسەتی پەدەکە دیموکراتی کوردستان-پەدەکە لە بۆشایێکی دەستوری و یاسای قوڵدایە و پەدەکە وەک دیفاکتۆ و سێبەری هەگەمۆنی سیاسی لەسەر داموزگاکان درێژە بە دەسەڵاتداریەکی بێ چاودێری دەدات".

 

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، سەلام عەبدوڵا، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی، ڕاگەیەندراوی تەڤگەری ئازادی خوێندەوە و ئەوەی خستەڕوو کە، "پەدەکە رێگرە لە بەردەم پرۆسەی ھەڵبژاردن و گۆڕانکاریدا، دەخوازێت لە رێگەی خۆفرۆشی و تەعویزدان بەدەسکەوتەکانی گەل درێژە بەتەمەنی خۆی بدات، لەگەڵ سەرسەخترین ناحەز و دوژمنی ستراتیژی گەلی کورد کەوتووەتە ناو ھاوکاری و ھاوپەیمانییەوە، بۆ ئەوەش کەوتووەتە سەودا و مامەڵەی مەترسیدار، بە هاوکاری پەدەکە تورکیا بە فراوانی و قوڵاییەکی زۆرەوە هاتووەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە".

 

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە، "هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوری عێراقی فیدراڵدا خاوەن پێگەیەکی یاسایی و دەستوریە، بەڵام جێگەی داخێکی قوڵە سەرەڕای ئەو دەرفەتە چارەنوسساز و پشتیوانی قوربانیدانە زۆرەی گەل، ستاتۆی کوردستان بەهۆی دوورکەوتنەوەی دەسەڵاتداران لەگەڵ پرەنسیپە نەتەوەیی و بەها ئەخلاقیەکانی کۆمەڵگە و خۆدانە دەست پرۆژەی دوژمنان، ڕۆژ بە ڕۆژ بێ متمانە و لاواز و گەندەڵ بووە، هیچ جۆرە پەیوەندیەکی مەعنەوی(ڕۆحی-زەهنی) لە نێوان دەسەڵاتداران و کۆمەڵگەدا لە ئارادا نەماوە، چەمکی خۆسپاردن بە ئەوی تری بێگانە و وابەستەی سیاسی، یەکێک لە دیارترین ڕەگەزە کولتووریەکانی سیاسەتکردنی ئەم هێزانە بووە لە ڕابردوودا".

 

"بەهۆی سیاسەتی باشووری کوردستانەوە توندوتیژی خێزانی زیادی کردووە"

هەروەها باس لە ئەنجامەکانی ئەم دۆخەی باشووری کوردستان و عێراق کرا، "هەر ئەمەش وایکردووە هێزە دەسەڵاتدارەکانی باشوور ببنە دەسکی ئەو تەورەی خەریکی بڕینەوەی خۆیەتی، هەرێمی کوردستان لەڕووی سیاسیەوە لە پەرتەوازەییەکی بێئەندازەی ناوخۆیدا ژیان دەکات، فەسادی ئیداری، خۆسەپێنی، وابەستەی، دەستەگەری حزبی و بنەماڵەیی هەرێمی ڕووبەڕووی ئایندەیەکی ئاڵۆز و نادیار کردووەتەوە، جگە لەوەی لە ڕووی ئابووریەوە باردۆخی هەرێمی کوردستان، لەو پەڕی خراپیدایە بەهۆی سیاسەتی قۆرخکاری و گەندەڵی و ئابووری بەناو سەربەخۆ، بەجۆرێک بەشێکی کەم و چینێکی مشەخۆری کۆمەڵگە ئەو چەمکەی لە پەرتووکە پیرۆزەکاندا باس دەکرێت لە دۆخێکی تەواو بەهەشتیدا ژیان دەکەن و بەشێکی فراوانی کۆمەڵگەش زۆر بەزەحمەتیەوە دەتوانن قوتی ڕۆژانەیان مسۆگەر بکەن، تەنانەت کار بەوە گەیشتووە هەرێم لە ئێستادا مووچەی مووچەخۆرانیشی نادات، هاوکات ئاسایشی کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان لە خراپترین دۆخدایە و تیرۆرکردنی خەڵکی وڵاتپارێز بەڕۆژی ڕووناک لەناوەندی بازاڕە قەرەباڵغەکانی شاردا نیشاندەری ئەم دۆخەیە، جگە لە کاسب و هەژار تیایدا زەرەرمەندە، شتی سەرنج بەر ئەوەیە ئەم کێشەیە لە حاڵەت دەرچووە و بووە بە دیاردەو ڕۆژانە دووبارە دەبێتەوە".

 

تەڤگەری ئازادی باسی لە توندوتیژی و کوشتنی ژنان کرد و تیایدا هاتووە، "سەرەڕای تەشەنەسەندنی بەردەوامی توندوتیژی خێزانی کوشتنی ژنان و کۆچی بەردەوامی گەنجان، سەمەرەی ئەم دەسەڵاتدارانەی هەرێم ئەوەیە ئامادەن لەپێناو بەرژەوەندیە ئابووری و دەسڵاتداریەکانیان ھەموو بەرژەوەندیەکی گشتی-نیشتیمانی و نەتەوەیی بخەنە مەترسیەوە، لە کاتێکدا دەزانن خۆشیان بەشێکن لەو گشتە، بەڕەچاو کردنی تایبەتمەندی دۆزی کورد، ئاسایش و مانەوەی هەر بەش و گروپێک بە ئاسایش و سەلامەتی گشتیدا تێدەپەڕێت".

 

"کۆمەڵگەی کوردی لە هەموو ڕوویەکەوە لە لێواری مەرگدایە"

سارا ڕەزا، ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری تەڤگەری ئازادی، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها وتی: وەکو تەڤگەری ئازادی و دەستەی هاوسەرۆکایەتی بە ئەرکی سەرشانی خۆمان زانی کە ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئەو بارودۆخەی ئەمرۆی عێراق و باشووری کوردستان لەگەڵ مەترسیەکانی، بیخەینە بەرچاوی گەلەکەمان، چونکە لە بارودۆخێکی زۆر سەختدایە لە هەموو ڕوویەکەوە، هەم لە ڕووی سیاسیەوە، هەم لە ڕووی سەربازی و ئابووریەوە، هەم لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ژینگەییەوە لە لێواری مەرگدایە، بەداخەوە ئەمڕۆ دەبینین باشووری کوردستان لە هەموو ڕوویەکەوە لە ئاستێکدایە کە مەترسیە بۆ سەر خەڵکی هەرێمی کوردستان، نەکردنی هەڵبژاردن لەم کات و ساتەدا مەترسیەکی گەورەیە بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان، بنەماڵەی بارزانی ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان بە ئاقارێکی تردا دەبەن، ئەم بنەماڵەیەش هەمیشە پشتی کردووەتە گەل و وەک دەبینین لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بە شێوەیەک وەستاوەتەوە کە هاوکاری بێت بۆ داگیرکاری، ڕاستە بەشێکین لە عێراق لە ئێستادا، بەڵام ئێمە هەرێمێکی سەربەخۆشمان هەبوو کە لە سایەی دەسەڵاتدارانی ئێستای باشووری کوردستان بەبێ ئەزموونی و بۆشایی بێ بەریەکدا دۆخەکەی دوای ٣٢ ساڵ بەرەو خراپتر دەڕوات.