"لە ئەنجامی توندوتیژییەکاندا خەڵکی سودان لە دۆزەخدا گیریان خواردووە"

ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستیان کردەوە کە خەڵکی سودان بەهۆی بەردەوامبوونی توندوتیژییەکانەوە لە دۆزەخدا گیریان خواردووە و ڕووبەڕووی مەترسی برسێتی دەبنەوە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ماوەی زیاتر لە ساڵێکە سودان لە جەنگ و ئالۆزیدایەو١٥ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوەو ٨ ملیۆن کەسیش ئاوارەو پەنابەر بوون.

 

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند خەڵکی سودان بەهۆی توندوتیژییەکانەوە لە دۆزەخدا گیریان خواردووە و ڕووبەڕووی مەترسی برسێتی دەبنەوە، هەروەها بەربەستەکان ڕێگری دەکەن لە گەیشتن بە هاوکارییە مرۆییەکان، لە کاتێکدا بەرنامەی خۆراکی جیهانی داوای فشار دەکات لەسەر هەموو لایەنەکانی شەڕی سودان بۆ ئاسانکردنی دەستگەیشتنی مرۆیی باشتر.

 

"چوار ملیۆن کەس لەلێواری برسێتیدان"

کلیمنتین نکوێتا-سەلامی، ڕێکخەری نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: دوای زیاتر لە ساڵێک لە جەنگ، خەڵکی سودان لە دۆزەخێکی دڕندانەی توندوتیژی و برسێتی و نەخۆشی و جەنگدا گیریان خواردووە بەبێ ئەوەی هیچ ڕێگایەک هەبێت بۆ چارەسەر، ٦ هەفتەمان ماوە بەر لە وەرزی وشکبوونەوە کە خۆراک کەمتر بەردەست دەبێت و گرانتر دەبێت و زیاتر لەچوار ملیۆن کەس لە لێواری برسێتیدان، ئەمە هاوکات دەبێت لەگەڵ دوو بەرواری دیکە: دەستپێکردنی وەرزی باران بارین کاتێک گەیشتن بە دانیشتوانی پێویست زەحمەتتر دەبێت و کۆتایی وەرزی چاندن، کە لەوانەیە شکست بهێنێت ئەگەر نەتوانین تۆو بۆ جوتیاران دابین بکەین.

 

ئەو بەربەستانەی شەرمەزار کرد کە ڕووبەڕووی ڕێکخراوە مرۆییەکان بوونەتەوە و ئاماژەی بەوەدا کە کاروانێکی ١٢ بارهەڵگری نەتەوە یەکگرتووەکان کە پڕبوون لە کەلوپەلی پزیشکی و یارمەتی خۆراک لە ٣ی نیسان بەندەری سودانیان بەجێهێشتووە و هێشتا نەگەیشتوونەتە شوێنی مەبەست.

 

جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ دەوڵەتی دەریای سوور لە ڕۆژهەڵاتی سودان جەختی لەوە کردەوە، پێویستە فشار بخەنە سەر هەموو لایەنەکان بۆ دڵنیابوون لە دەستگەیشتنی مرۆیی باشتر، وتیشی: لەو ١٨ ملیۆن کەسەی کە بەهۆی نەبوونی ئاسایشی خۆراکەوە دەناڵێنن، تەنها دەتوانین بگەینە ٢٥٥ بۆ ٣٥%یان.