"ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەناو نەورەسەکان هەیە"
لەسەر ڕێنمایی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ڕاپەڕین، جگە لە تیمە پسپۆڕەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ کەس و لایەنێکی تر سەردانی نیشتیمانی نەوڕەسەکان ناکات.
ناوەندی هەواڵ
ماوەی دوو ڕۆژە دەیان نەورەس لە سنووری ڕاپەڕین مردار بوونەتەوە و هۆکارەکەشی نەزانراوە، ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ڕاپەڕین لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆشدارىی دەداتە هاوڵاتییان سەردانى نیشتیمانى نەورەسەکان نەکەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئاماژە بە ڕێنماییەكانی خۆپاراستنی تەندروستی ڕاپەڕین لە پێناو پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی کۆمەڵگە لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی هاوبەش، داواکارین، جگە لە تیمە پسپۆڕەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ کەس و لایەنێکی تر سەردانی نیشتیمانی نەوڕەسەکان نەکات.
دەشڵین، تا بە فەرمیی دڵنیایی دەدرێت لە جۆری نەخۆشییەکە و سەلامەتی بۆ مرۆڤ لەلایەن ڤێتەرنەری سنوورەکە داواکارین هاوڵاتییان سەردانى سنوورەکە نەکەن.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ماوەى دوو ڕۆژە ژمارەیەکى زۆر نەورەس لە سنوورى ئیدارەى ڕاپەڕین مرداربونەتەوە و تا ئێستا هۆکارى ئەو حاڵەتە نەزانراوە.