٧٢%ی گیان لەدەستداوانی غەززە ژن و منداڵن

هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە ١٩٠ ڕۆژە بەردەوامە، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دوو هەزارو ٩٧٣ کۆمەڵکوژی لە هەرێمەکەدا ڕوویانداوە، ٧٢%ی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە ژن و منداڵن.

ناوەندی هەواڵ

 

هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە دەستیپێکردو بەردەوامە، لە ١٩٠یەمین ڕۆژیدا حکومەتی غەززە لە نووسینگەی ڕاگەیاندن بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە سوپای ئیسرائیل دوو هەزارو ٩٧٣ کۆمەڵکوژی لە کەرتی غەززە ئەنجام داوە، ١٤ هەزارو ٥٦٠ منداڵ و ٩ هەزارو ٥٨٢ ژن لە هێرشەکەدا گیانیان لەدەستداوە و ٧ هەزار کەسیش لە ژێر وێرانەکاندا بێسەروشوێنن، ژمارەی گیان لەدەستدانەکان لە نەخۆشخانە گەیشتە ٣٣ هەزارو ٦٨٦ کەس لە هەمان کاتدا، ٧٦ هەزارو ٣٠٩ کەس بریندار بوون، لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ٧٢%ی گیان لەدەستداوان ژن و منداڵ بوون.

 

١٤٠ ڕۆژنامەنووس گیانیان لەدەستداوە

هێرشەکانی ئیسرائیل خەڵکی مەدەنی و پسپۆڕانی تەندروستی و ڕۆژنامەنووسان کە دەیانوست ئەوەی ڕوودەدا بیگەییەننە جیهان کرانە ئامانج، لە غەززە ٤٨٥ کارمەندی تەندروستی و ٦٦ بەرپرسی بەرگری شارستانی و ١٤٠ ڕۆژنامەنووس لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژران.